"خبرنامه امیرکبیر" ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی ڕەزبەر، ڕاپۆرتی لەسەر توندتربوونەوەی هەڵسوکەوتەکانی حیراسەت بەرانبەر خوێندکارانی کچی زانکۆی "عەلامە تەباتەبایی" و ڕێگری لە هاتنەناوەوەی ژمارەیەکی زیاتری خوێندکارانی زانکۆی "ئەلزەهرا" بڵاو کردەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، حیراسەت لە کۆلێژی ئەدەبیاتی زانکۆی عەلامە تەباتەبایی بە بەکارهێنانی هێزی نوێ، دووبارە دەستی کردووەتەوە بە بێزارکردنی خوێندکاران و دەستێوەردان لە جۆری جلوبەرگیان بەپاساوی حیجابی زۆرەملێ. ئەم هەنگاوانە بەرەوڕووی بەرخۆدانی خوێندکاران لە بەرانبەر سەپاندنی جلوبەرگی زۆرەملێ بووەتەوە.
هاوکات، بەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ژمارەیەکی دیکە لە خوێندکارانی زانکۆی ئەلزەهرا بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، ڕێگرییان لێ کراوە بچنە نێو زانکۆوە. پێشتریش ڕێگری لە هاتنەناوەوەی ١٦٥ خوێندکاری ئەم زانکۆیە کرابوو.
بەردەوامیی هەڵسوکەوتە ئەمنییەتی و ئینزیباتییەکان، دەستێوەردان لە جلوبەرگ خوێندکاران و بێبەشکردنیان لە مافی خوێندن، نیشاندەری زیادبوونی بەربەستەکانە لە دژی ئازادییە تاکەکەسییەکان و مافەکانی خوێندکاران لە زانکۆکانی ئێراندا.