وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند شەڕ لە دژی کۆماری ئیسلامی لە زۆر ڕووەوە گەیەنراوەتە ئامانج و لە ئێستادا واشنگتۆن لە ئاراستەی بەرگری، کۆنتڕۆڵکردنی گەرووی هۆرمۆز و خنکاندنی ئابووریی ڕێژیمدایە.
"مارکۆ ڕۆبیۆ" جەختی کردەوە هێزی دەریایی، ئاسمانی و کارخانەکانی دروستکردنی مووشەک و دڕۆنی کۆماری ئیسلامی بەتەواوی تێکشکێنراون.
ناوبراو ئاشکرای کرد ئامانجی سەربازیی ئەمریکا تێکدانی قەڵغانی مووشەکیی تاران بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی و دەرهێنانی کۆنتڕۆڵی گەرووی هۆرمۆز بوو لە دەستی ڕێژیم؛ بەجۆرێک کە ئەمڕۆ تاران تەنانەت ناتوانێت یەک بەرمیل نەوتیش هەناردە بکات.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە ئاماژەدان بە گەمارۆ قورسەکان ڕایگەیاند، بڕینی سەرچاوە داراییەکانی تاران بە مانای ڕاگرتنی هاوکارییەکانە بۆ حیزبوڵڵا، حەماس و میلیشیا تێرۆریستەکانی عێراق و یەمەن.
ڕۆبیۆ جەختی کردەوە کێشەی سەرەکیی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئیدیۆلۆژی ڕێژیمی ئیسلامیی تارانە و وتی: "سەرچاوەی یەکەمی ناسەقامگیری و گەورەترین بەربەست لەبەردەم ئاشتیدا، سیستەمی کۆماری ئیسلامی و مەلا توندڕوەکانی تارانن کە تەواوی ناوچەکەیان بەرەو ئاڵۆزی پەلکێش کردووە."