"محەممەدموبین عەزیمی"، وەرزشوانیی کوردی خەڵکی شاری سەقز و ئەندامی تیمی هەڵبژاردەی زۆرانبازیی ئازاد، توانی میداڵیی برۆنزی کێبڕکێیەکانی پاڵەوانییەتیی جیهان لە ئەمریکادا بەدەست بهێنێت.
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، لە درێژەی کێبڕکێیەکانی زۆرانبازیی ئازادی ژێر ٢٣ ساڵانی پاڵەوانییەتیی جیهان لە شاری لاسڤێگاسی ئەمریکا، "محەممەدموبین عەزیمی" لە کێشی ٩٧ کیلۆگرەمدا توانیی بەسەر ڕکابەرەکانیدا سەر بکەوێت و میداڵیی برۆنز مسۆگەر بکات.
عەزیمی لە یاریی دیاریکردنی پلەی سێیەمدا، بە ئەنجامێکی بەهێزی ١٠ بەرانبەر بە سفر بەسەر "سیمۆنیان" زۆرانبازی ئەرمەنستانیدا سەرکەوت.
ناوبراو پێش گەیشتن بەم قۆناغە، لە گەڕی یەکەمدا بە ئەنجامی ٨ بەرانبەر بە سفر لە "عەلیۆف"ی ئازەربایجانی، لە قۆناغی دووەمدا ٩ بەرانبەر بە ٥ لە "پویۆنۆڤ"ی ئۆزبەکستانی و لە قۆناغی چوارەکی کۆتاییدا ٦ بەرانبەر بە ١ لە "گیداک"ی زۆرانبازی تورکیەی بردبووەوە، بەڵام لە قۆناغی پێش کۆتاییدا بە ئەنجامی ١٤ بەرانبەر بە ٩ یارییەکەی بە "تاهیر خانێف"ی ڕووسی دۆڕاندبوو.
شایانی باسە، ئەم وەرزشوانەی خەڵکی سەقز پێشتریش لە کێبڕکێیەکانی ساڵی ڕابردوودا لە کێشی ٩٢ کیلۆگرەمدا پلەی یەکەمی جیهانی بەدەست هێنابوو و میداڵیی زێڕی لەملی کردبوو.