وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان لە ناڕەزایەتی بە هەوڵە تێرۆریستییەکانی هێزی قودسی سپای پاسداران بۆ سەر دوو لە سەرکردەکانی کۆمەڵگەی جووەکان و ئەنجومەنی ئاڵمان-ئیسرائیل، باڵوێزی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە بێرلینی بانگی وەزارەتەکەی کرد.
وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی ڕەزبەر ڕایگەیاند کە ئەو وڵاتە بەهیچ شێوازێک هێرش بۆ سەر جووەکان بەتایبەت لە خاکی خودی ئاڵمان قەبووڵ ناکات.
ئەم هەڵوێستەی ئاڵمان پاش دەرچوونی بڕیاری دادگای باڵای هامبورگ هات کە تێیدا سیخوڕی و پیلانڕێژیی هێزی قودسی سپای تێرۆریستی پاسداران بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تێرۆریستی لە دژی "یۆزێف شوستێر" سەرۆکی کۆمەڵگەی جووەکانی ئاڵمان و "فۆلکێر بەک" سەرۆکی ئەنجومەنی ئاڵمان و ئیسرائیل سەلمێندرا.
وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەم هەوڵە نگریس و تێرۆریستییانەی ڕێژیمی تاران بێوڵام نامێننەوە و لێکەوتەی یاسایی و سیاسیی توندیان بۆ کۆماری ئیسلامی دەبێت.