کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەوتی بەدناوکردنی کچان و ژنانی کوردستان بە فیتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی درێژەی هەیە

09:34 - 28 رەزبەر 2726

بەپێی هەواڵێک کە بە بەشی هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گەیشتووە، کاناڵێکی تێلێگرامی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شار و ناوچەکانی هەورامان، جوانڕۆ، ڕوانسەر و پاوە دەستیان داوەتە ناوزڕاندن و بەدناوکردنی کچان و ژنانی ئەو ناوچانە.

بەپێی زانیاری و بەڵگانەی لەبەردستدان ماوەی چەند ڕۆژێکە کاناڵێکی تێلێگرامی  بە شێوەیەکی ناڕەوا و دوور لە بنەماکانی مرۆڤایەتی و ئەخلاقی دەستی داوەتە بڵاوکردنەوەی ناو و وێنەی کچان و ژنانی ناوچانەکانی هەورامان، جوانڕۆ، ڕوانسەر و پاوە.

لەو پێوەندییەدا ناوەندی تەشکیلاتی نهێنیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕایگەیاند کە بێگومان ئامانجی دەستە شاراوەکانی پشت ئەو کارە قیزەونە کە دەزگا ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی دەستی باڵایان تێدا هەیە، تێکدانی شیرازەی بنەماڵەکان و ئاسایش و یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی ئەو ناوچانەیە.

لەم ڕێگەیەوە خەڵکی کوردستان و ئەو ناوچانە ئاگادار دەکەینەوە  کە لە ئەگەری دیتنی وەها کاناڵگەلێکدا لای خۆیانەوە ڕیپۆرت و ڕەشیان بکەنەوە و ڕێگا نەدەن دەستە گڵاوەکانی پشت ئەو پیلانە و کارە نامرۆڤانەیەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە ئامانجی خۆیان بگەن.

شایانی باسە ئەو ناوەندە بەدناوانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی پێشتریش لە چەند شار و ناوچەی دیکەی کوردستاندا وەک شنۆ، پیرانشار، مەهاباد، بۆکان و سەقز و چەند شاری دیکە وەها هەوڵێکی نەزۆرک و بێ ئەخلاقانەیان بەڕێوە بردووە و لە ئاکامدا بەهۆی هوشیاری و ئاگایی خەڵکی ئەو شار و ناوچانەوە پووچەڵ کراونەتەوە.