"لێوپۆڵدۆ مالدۆنادۆ گۆتێرێس"، ڕێپۆرتنێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، نیگەرانیی قووڵی خۆی لە ئاستی بەرزی لەسێدارەدانە سیاسییەکان لە ئێران دەربڕی و ڕایگەیاند کە زیاتر لە ١٠٠ بەندکراو مەترسیی سێدارەدانیان لەسەرە.
بەپێی بەیاننامەکەی ئەم ڕیپۆرتێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ساڵی ٢٠٢٥دا لانیکەم ٢ هەزار و ١٥٩ حاڵەتی لەسێدارەدانی لە ئێران تۆمار کردووە، کە بەرزترین ئاماری ساڵانەیە لە ساڵی ١٩٨١ەوە.
ناوبراو هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ساڵی ٢٠٢٦دا لانیکەم ٣٤ کەسی پەیوەندیدار بە خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ لە سێدارە دراون و لە خاکەلێوەی ئەمساڵیشەوە لانیکەم ٤٦ بەندکراوی سیاسی و ناڕازی لە سێدارە دراون کە ٣٧ کەسیان لە دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکان بوون و ٩ کەسیش بۆ تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ حیزب و ڕێکخراوەکانی دژبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی سزای سێدارەیان بۆ جێبەجێ کراوە.
گۆتێرێس بە وەبیرهێنانەوەی تاوانکاری و کۆمەڵکوژیی دەیەی ٦٠ و ساڵی ١٣٦٧ کە تێیدا ٣٠ هەزار بەندکراوی سیاسی لە سێدارە دران، داوای هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی سزای سێدارەی کرد.
ناوبراو بۆ هاوپەیمانی لەگەڵ هەڵمەتی "سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان"، ڕایگەیاند کە لە نیوەشەوی سێشەممە ٢٨ی ڕەزبەر مانگرتنی ٢٤ کاتژمێری دەست پێدەکات.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە لە وڵامدانەوە بە داواکارییەکانی خەڵک دەستەوەستان بووە، پەتک و سێدارە وەک ئامرازێک بۆ دروستکردنی ترس و سەرکوتی نەیارانی سیاسی بەکار دەهێنێت.