سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاشکرای کرد کە فەرمانی ڕاستەوخۆی بە دەزگا ئەمنییەتی و سەربازییەکانی وڵاتەکەی داوە بۆ ڕووخاندنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و جەختی کردەوە کە کارە تەواونەکراوەکان لە دژی تاران کۆتایی پێ دەهێنن.
بێنیامین نێتانیاهوو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ۱۴ی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند کە فەرمانی بە ڕێکخراوی مووساد، ئەرتەش و ئیتلاعاتی سەربازی بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی داوە.
نێتانیاهوو ئاماژەی بە ئۆپەراسیۆنی هاوینی ڕابردوو کرد و وتی: "ئێمە بە تەنیا دەستپێشخەریمان کرد چونکە دەبوو مەترسیی بوونی بۆمبی ئەتۆمی لەسەر ئەمنییەت و مەوجودییەتی ئیسرائیل لاببرێت. ئەگەر ئەم ڕێژیمە نەڕووخێنین، ئێمە لەنێو دەبات."
هاوکات ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" ڕایگەیاند کە "پێت هێگسێت" وەزیری شەڕی ئەمریکا لە سەردانێکی ڕانەگەیەندراودا گەیشتووەتە ئیسرائیل و لەگەڵ نێتانیاهوو کۆبووەتەوە.
ئەم کۆبوونەوەیە لەکاتێکدایە کە واشنگتۆن و ئورشەلیم سەرقاڵی تاوتوێکردنی ئەگەری دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بەرفراوان لە دژی ڕێژیمی تارانن.
نێتانیاهوو لە پەیوەندییەکی تلفۆنیدا لەگەڵ "دۆناڵد ترامپ" سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند: "دۆناڵد، ئێمە کارێکمان هەیە کە دەبێت بەئەنجامی بگەینین و پێکەوە کۆتایی پێ دەهێنین؛ ئێمە تەواوی دەکەین و هیچ کەسێکی تر ئەم کارە ناکات."
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە بەهۆی سیاسەتە شەڕەنگێزەکانیەوە وڵاتی ڕووبەڕووی داڕمانی یەکجارەکی کردووەتەوە، ئێستا لەژێر توندترین گوشاری سەربازی و دیپلۆماسیدایە و هەوڵەکانی جیهان بۆ ڕووخاندن و کۆتاییهێنان بەم دەسەڵاتە تێرۆریستییە پێیان ناوەتە قۆناغێکی یەکلاکەرەوەوە.