لە درێژەی گوشاری ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر هاووڵاتییان، وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند کە ۳۹ کەسی لە پارێزگای قەزوێن بە تۆمەتی ئەوەی ناوی ناوە «بەشداری لە تێکدانی موڵک و ماڵی گشتی و تایبەت» و «بەشداریکردن» لە ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤، دەسبەسەر کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هێرانا، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە پارێزگای قەزوێن ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی ڕەزبەر، لە بڕیارنامەیەکدا بانگەشەی ئەوەی کرد کە "ئەم کەسانە لە شێوەی هەشت گرووپی جیاوازدا ڕێکخراو بوون و لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباردا لە سووتاندنی ماڵان، دووکانەکان، بانکەکان، ئۆتۆمبێلەکان و بەنزینخانەیەک لە شاری قەزوێن ڕۆڵیان هەبووە".
هەروەها ئەو وەزارەتە سەرکوتکەرەی ڕێژیم بانگەشەی ئەوەی کرد کە «١٠ کەس لە دەسبەسەرکراوان لە کاتی هەوڵدان بۆ سووتاندنی بەنزینخانەی شەقامی بابایی، ژمارەیەک لە هێزە ئەمنییەکانیان کوشتووە کە دەیانویست پێش بەو کارە بگرن ».
لەو بڕیارنامەیەدا بانگەشەی ئەوەش کراوە کە دەسبەسەرکراوان پەیوەندییان لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل هەبووە و «چەند چەکێکی گەرم و سارد و بڕێک ماددەی ئەلکولی»یان لێ گیراوە.
شایانی باسە وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیم هیچ وردەکارییەکی لەبارەی ناسنامەی دەسبەسەرکراوان، کاتی وردی دەسبەسەرکردنیان یان بەڵگە پەیوەندیدارەکان بەو تۆمەتانەی خراونەتەڕوو، پێشکەش نەکردووە. ئەم بانگەشانە بە شێوەی سەربەخۆ لەلایەن هیچکەس و لایەنێکەوە پشتڕاست نەکراونەتەوە.
سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیکەی ٩ مانگ بەسەر ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباردا، وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە مانگەکانی ڕابردووشدا هەواڵی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان لە شارە جیاوازەکانی بە تۆمەتی «بەشداریکردن» لەو ناڕەزایەتییانە و لەسێدارەدانی دەسبەسەرکراوانی پێشوو بڵاو کردووەتەوە.