شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی زیانی قورسی بە پیشەسازیی فڕۆکەوانیی ئێران گەیاندووە؛ بە جۆرێک کە لە کۆی زیاتر لە ٣٠٠ فڕۆکەی ئێران، تەنیا ١٣٠ بۆ ١٤٠ فڕۆکە توانای فڕینیان هەیە.
نوورنیوز، هەواڵدەریی نزیک لە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ڕێژیم، ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی ڕەزبەر بە گێڕانەوە لە تاهیر عەبدولحەی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئێران-ئەیر، ڕایگەیاند کە ٣٠ بۆ ٤٠ فڕۆکە لە ڕەوتی شەڕدا لەناوچوون و ٧٠ بۆ ٨٠ فڕۆکەی تریش کەوتوونەتە بەر هێرش.
بە وتەی عەبدولحەی، هەندێک فڕۆکە بەهۆی بەرکەوتنی مووشەک زیانیان بەرکەوتووە و فڕۆکەیەک لە فڕۆکەکانی ئێران-ئەیر بە تەواوی لەناو چووە. ئەم ئامارە لە لێدوانە پێشوەختەکانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی جیاوازە؛ پێشتر باسی لە زیانپێگەیشتنی نزیکەی ٥٠ فڕۆکە و لەناوچوونی ١٠ فڕۆکە کرابوو.
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئێران-ئەیر هەروەها باسی لە لێکەوتەکانی سەپاندنی سزاکان و سنووردارکردنە نێودەوڵەتییەکان لەسەر چالاکیی ئەم پیشەسازییە کرد و وتی ئەم سنووردارکردنانە دەستپێڕاگەیشتن بە فڕۆکە، پارچە یەدەگ و سەرچاوە داراییەکانی قورس کردووە.
زیانەکانی شەڕ لە تەنیشت سزاکانەوە، کێشەکانی شیرکەتی پیشەسازیی فڕۆکەوانیی ئێرانی قورستر کردووە و توانای ئەم شیرکەتەی بۆ پاراستنی فڕۆکە خزمەتگوزارییەکان کەم کردووەتەوە. هێشتا ڕوون نییە کە چەند لەو فڕۆکە زیانپێگەیشتووانە توانای چاککردنەوە و گەڕانەوەیان بۆ سووڕی فڕین هەیە.