وتەبێژی سپای تێرۆریستیی پاسداران لە لێدوانێکدا، هەڕەشەی تێکدانی کابلەکانی ئینتێرنێتی ژێر دەریای لە گەرووی هۆرمۆز و کەنداو کرد و ئەم کردەوە تێکدەرانەی بە بەشێک لە قۆناغی سێیەمی شەڕ ناو برد.
حوسێن موحێبی، وتەبێژی سپای تێرۆریستیی پاسداران لە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆدا بۆ سەر ژێرخانی پەیوەندییەکانی جیهان، ڕایگەیاند کە شەڕ قۆناغی سێیەمی هەیە و لە ئەگەری ڕوودانیدا، "جوغرافیای نوێی شەڕ"، "ئامانجی نوێ" و "چەکی نوێ" ئاشکرا دەکرێن.
ناوبراو بە دیاریکراوی ئاماژەی بە ٧ کابلی گەورەی ئینتێرنێت لە ژێر ئاوەکانی کەنداو و گەرووی هۆرمۆز کرد، لەوانە کابلی نێودەوڵەتیی "ئاسیا-ئافریقا-ئورووپا-١" بە درێژایی ٢٥ هەزار کیلومیتر، وەک ئامانجی نوێی هێرشەکانیان.
ئەم هەڕەشانەی ڕێژیمی تاران لەکاتێکدایە کە بەپێی ڕاپۆرتی کۆمپانیای شیکاریی دەریایی "ویندوارد"، کەشتییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی چەندین جار هەڵسوکەوتی گوماناوییان لەسەر هێڵی کابلەکان ئەنجام داوە.
هەروەها بەرپرسانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان ڕایانگەیاندووە کە سپای پاسداران داوای باجی ناڕەوای لە ئۆپێراتۆرە دەرەکییەکان کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کۆمپانیا گەورەکانی وەک "ئالکاتێل"ی فەرانسە کارەکانی چاککردنەوە لە ناوچەکەدا ڕابگرن.
کۆماری ئیسلامی کاتێک لە بەرانبەر گوشارە سەربازی و ئابوورییەکاندا تەواو دەستەوەستان بووە، ڕوو لە باجخوازی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات و ژێرخانی سەرەکیی ئینتێرنێت دەکاتە ئامانج، کە زیاتر لە ٩٥٪ی داتای جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت.