بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی کوردپا و هەنگاو، چارەنووسی پێنج هاووڵاتیی خەڵکی سەقز و ئەندامانی گرووپە شاخەوانییەکانی «هەڵۆ» و «چیای سەوز» بە ناوەکانی محەممەد حەکیمپوور، مستەفا قادری، محەممەدساڵح حوسێنی، حوسێن عەبدوڵڵاهی و خالید ڕەحیمی دوای ١٣ ڕۆژ لە دەسبەسەرکردنیان، هێشتا بە نادیاری ماوەتەوە و هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگرتنیان نییە.
لە لایەکی دیکەوە، موحسین مەولوودپوور، یاریزان و ڕاهێنەری تۆپی پێی خەڵکی شنۆ، دوای سێ ڕۆژ لە دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراوە. هەروەها دوو هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد بە ناوەکانی دیاکۆ بایزیدی و مستەفا جۆشکار لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کراون و چارەنووسی ئەوانیش دیار نییە.