کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ بەرزترین ئاست لە بازاڕە جیهانییەکاندا

13:08 - 28 رەزبەر 2726

لە ئاکامی بەردەوامیی هێرشە تێرۆریستییەکانی میلیشیا حوسییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەکەدا، نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا تووشی شڵەژان و بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو بوو.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز"، نرخی نەوت ڕۆژی دووشەممە تووشی بەرزبوونەوەی خێرا بوو؛ ئەمەش دوای ئەوەی وەبەرهێنەران و بازاڕەکانی وزە تاوتوێی لێکەوتەکانی هێرشی حوسییەکانیان بۆ سەر بنکەیەکی مەشق و ڕاهێنانی سەربازی لە یەمەن و هێرشە ئاسمانییەکانیان بۆ سەر ژێرخانەکانی وزە، فڕۆکەخانەکان و بنکە ئابوورییەکانی عەرەبستان کرد.

لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی "برێنت" گەیشتە ۱۰۹.۵۵ دۆلار.

هاوکات لە ئەمریکاش، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی "وێست تێگزاس ئینتێرمیدیێت" (WTI) بە بەرزبوونەوەی ۲.۲۵ دۆلار، گەیشتە ۱۰۳.۶۶ دۆلار، کە ئەمەش بەرزترین ئاستی نرخە لە دوای ۱۵ی سێپتامبرەوە.

دەستێوەردان و بەکارهێنانی گرووپە بەکرێگیراوەکانی وەک حوسییەکان لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە بۆ ئامانجگرتنی ژێرخانە ئابوورییەکانی ناوچەکە، ئەمنییەتی دەریاوانی و بازاڕی وزەی جیهانی خستووەتە ژێر مەترسیی جیددییەوە.

تاوانکارییەکانی ڕێژیمی تاران و نیابەتییەکانی لە ناوچەکەدا، هۆکاری سەرەکیی تێکچوونی ئەمنییەت و سەقامگیریی ئابووریی نێودەوڵەتین.