لە دریژەی شەڕ و پێکدادانە سەربازییەکانی بەلووچستان و بە ئامانجگرتنی بنکە و مۆرەکانی ڕێژیم، شهوی دووشەممە ٢٧ی ڕەزبەری ١٤٠٥، لە ناوچەی خەلیلئابادی باکووری شاری خاش، پێکدادانێکی چەکداریی قورس لە نێوان هێزە داپڵۆسێنەرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و هێزێکی چەکداری نەناسراو ڕووی دا و چەند هێزێکی ڕێژیم کوژران و بریندار بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی حاڵوەش، هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی ڕێژیم تەقەیان لە ئۆتۆمبێلێکی جۆری پێژۆ پارسی ڕەنگ سپی لە ناوچەی خەلیل ئابادی خاش کردووە و شوێنەواری زۆری بەرکەوتنی گولـلە لەسەر ئۆتۆمبێلەکە و شووشەی پێشەوەی بەجێماوە.
دوابەدوای ئەم تەقەکردنە، پێکدادانێکی چەکداری لە نێوان سەرنشینانی ئۆتۆمبێلەکە و هێزە سەربازییەکانی ڕێژیمدا ڕووی دا کە چەند کاتژمێری خایاندووە.
ڕاپۆرتە سەرەتاییەکانی حاڵوەش دەریدەخەن کە لە ڕەوتی ئەم پێکدادانەدا، لانیکەم هێزێکی سەربازیی ڕێژیم کوژراوە.
هەروەها ڕاپۆرت و زانیارییەکان باس لە برینداربوونی چەند کەسێکی تریش لە هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی ڕێژیم دەکەن.
دوای ڕوودانی پێکدادانەکە، چەندین ئامبوڵانس ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کراون و دۆخی ناوچەکە بە توندی ئەمنی کراوە.
ئەمە لەحاڵێکدایە کە فەرمانداریی خاش لە کاتژمێرە سەرەتاییەکانی بڵاوکردنەوەی هەواڵەکەدا، ڕوودانی پێکدادان لە خەلیلئابادی ڕەت کردبووەوە و بێئاگایی خۆی ڕاگەیاندبوو.
تا کاتی باڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، زانیاری سەربەخۆ سەبارەت بە هۆکاری وردی دەستپێکردنی پێکدادانەکە، هۆکاری تەقەکردن لە ئۆتۆمبێلەکە و ئاماری ورد و فەرمیی زیانە گیانییەکان و برینداران لەلایەن ناوەندە فەرمییەکانەوە بڵاو نەکراوەتەوە و لێکۆڵینەوە لە لایەنە جیاوازەکانی ئەم ڕووداوە هێشتا بەردەوامە.
لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا دەیان پێکدادانی چەکداری لە ناوچە جیاوازەکانی بەلووچستاندا ڕوویان داوە کە زیاتر لە ٤٠ پلەداری باڵای ڕێژیم و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوونە و بەرەی خەباتگێڕانی خەڵکی بەرپرسایەتیی ئەو هێرشانەی لە ئەستۆ گرتبوو.