کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

برینداربوونی ٦٥٦ کرێکار لە پارێزگای ورمێ لە ماوەی ٦ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا

13:48 - 28 رەزبەر 2726

بەڕێوەبەری گشتیی پزیشکی دادوەریی ڕێژیم لە پارێزگای ورمێ ڕایگەیاند کە لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٦٥٦ کرێکار لەم پارێزگایەدا بەهۆی ڕووداوەکانی کارەوە بریندار بوون. بە وتەی ناوبراو، ٦٣٦ کەس لە بریندارەکان پیاو و ٢٠ کەسیش ژن بوون.

هەواڵدەریی هێرانا لە زاری مووسا ئەدیب‌فەر، بەڕێوەبەری گشتیی پزیشکی دادوەریی ڕێژیمەوە ڕایگەیاند کە لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٦٥٦ کرێکار لە پارێزگای ورمێ بەهۆی ڕووداوەکانی شوێنی کارەوە بریندار بوون.

لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژە بە وردەکاریی زیاتر لەوانە ژمارەی کرێکارە گیانلەدەستداوەکان  بەهۆی ڕووداوەکانی کارەوە لە ماوەی ناوبراودا نەکراوە.

لەسەر بنەمای ڕاپۆرتی ڕۆژی جیهانیی کرێکار کە لەلایەن ناوەندی ئامار، بڵاوکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی کۆمەڵەی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران بڵاو کرایەوە، لە ١١ی بانەمەڕی ١٤٠٤ تا ٨ی بانەمەڕی ١٤٠٥، لانیکەم ٥٠١٩ کرێکار بەهۆی ڕووداوەکانی کارەوە گیانیان لەدەست داوە یان بریندار بوون.

زۆرینەی کرێکارانی ئێران لە دۆخێکی نەبوونی ئەمنییەتیی پیشەیی و بیمەی گونجاودا کار دەکەن، کەمیی پشکێنەرەکان و لاوازیی ژێرخانەکانی سەلامەتی، تۆمارکردن و ڕێگریکردن لە ڕووداوە پیشەییەکانی ڕووبەڕووی ئالەنگاریی جیددی کردووەتەوە.