ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە لە حەفتەکانی ڕابردوودا زیاتر لە ٥٤٠ بنکە و ژێرخانی پەیوەندیدار بە حیزبوڵڵای لبنانی لە باشووری ئەو وڵاتەدا تێکشکاندووە، لەکاتێکدا جەخت لەسەر پێبەندبوونی خۆی بە ئاگربەستیش دەکاتەوە.
ئەرتەشی ئیسرائیل باسی لەوە کردووە کە هێزەکانیان لە ناوچەیەکدا چالاکی دەکەن کە بە "ناوچەی ئەمنییەتی" ناوی دەبەن. ئەم چالاکییانە لە دەوروبەری گوندەکانی وەک خەیام، تێر حەرفا، مەیس جەبەل و مەجدەل زوون ئەنجام دراون.
لەگەڵ ئەم ژێرخانانەدا، زیاتر لە ١٥٠ پارچە چەک، لەوانە نارنجەک، ڕاکێت، مووشەکی دژەتانک، کەرەستەی تۆپخانە، سەکۆی هاویشتن و مۆڵگەی تەقەمەنی دۆزراونەتەوە و لەنێو بردراون.
ئەرتەشی ئیسرائیل جەختی کردەوە کە ڕێگە بە حیزبوڵڵا نادات جارێکی تر هەڕەشە بۆ سەر هاووڵاتییان و هێزەکانی دروست بکات.
ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە ٢٩ی جۆزەردان ڕاگەیەندراوە، بەڵام هێزەکانی ئیسرائیل هێشتا لە "ناوچەی ئەمنییەتی"دا ماونەتەوە و تەنیا لیوای گولانی لە ماوەی حەوت مانگدا زیاتر لە ٩٠٠ بنکەی لەنێو بردووە و تیپی ٥٥یش پێشتر لەنێوبردنی ٦٠٠ ژێرخانی حیزبووڵای ڕاگەیاندبوو.
لەلایەکی ترەوە، ڕۆژی دووشەممە ئەرتەشی ئیسرائیل بە هێرشی ئاسمانی و تۆپخانەیی، چەندین ناوچەی لە باشووری لبنان (لەوانە نەبەتییە، بێنت جەبیل، مەرجەیوون و سوور) کردە ئامانج، هەرچەندە تا ئێستا هیچ ڕاپۆرتێک لەسەر زیانی گیانی بڵاو نەکراوەتەوە.
چاوەدێران پێیان وایە کە دەستێوەردانەکان و ملکەچنەبوونی حیزبوڵڵای سەر بە کۆماری ئیسلامی بۆ دەوڵەتی لوبنان، هۆکاری سەرەکیی تێکچوونی ڕێککەوتنی ئاگربەست و بەردەوامیی گرژییەکانە لەو ناوچەیەدا.