لەگەڵ دووبارە هاتنەئارای گەڵاڵەی پڕکردنەوەی بەنداوی ژاوه لە سنە، کارناسانی ئاو هۆشدارییان لەسەر کەڵەکەبوونی نزیکەی ٢٠ میلیۆن میتری چوارجای ئاوەڕۆی ئەم شارە و گوندەکانی دەوروبەری لە گۆمی بەنداوەکەدا داوە.
بە وتەی کارناسان، پڕکردنەوەی بەنداوەکە پێش کۆنتڕۆڵکردنی سەرچاوەکانی پیسبوون، لە بری ئەوەی بەنداوەکە بکاتە سەرچاوەی دابینکردنی ئاوی کشتوکاڵی، دەیگۆڕێت بۆ گۆلاوی ئاوەڕۆی «ژاوه».
غەریب سەجادی، فەرمانداری سنە، ڕایگەیاند کە بەنداوی ژاوە مۆڵەتە تەندروستییە پێویستەکانی وەرنەگرتووە و پڕکردنەوەی لە دۆخی ئێستادا بۆ خەڵکی ناوچەکە زیانبەخشە.
سەجادی چەندایەتیی ئاوی بەنداوەکەی بە ٩٠ میلیۆن میتری چوارجا ڕاگەیاند و ڕێژەی ئاوەڕۆی هاتنەژوورەوە بۆ ناو بەنداوەکەی بە نزیکەی ٢٠ میلیۆن میتری چوارجا خەمڵاند.
ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە بۆ ڕێگریکردن لە زیانگەیشتن بە ناوچەی ژاوە، دەبێت کێشە تەندروستییەکانی بەنداوەکە چارەسەر بکرێن.
هەروەها حەبیبوڵڵا محەممەدی، مامۆستای زانکۆی کوردستان، وتی لێکۆڵینەوەکانی لێژنەی توێژینەوەی ئەم زانکۆیە دەریان خستووە کە بەنداوی ژاوە لە دۆخی ئێستادا مەرج و ستانداردە پێویستەکانی بۆ پڕکردنەوە تێدا نییە.
محەممەدی ڕوونی کردەوە کە نزیکەی دوو هەزار لیتر ئاوەڕۆ لە چرکەیەکدا دێتە ناو سووڕی پاڵاوتنی سنە و لە کاتی بارانباریندا، هاتنی لافاوەکان گوشارێکی زیاتر لەسەر وێستگەی پاڵاوتن دروست دەکات.
بڕیار بوو پڕکردنەوەی ئەم بەنداوە لە ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا ئەنجام بدرێت، بەڵام هاتنی ئاوەڕۆ و ماددە پیسکەرەکانی تر بۆ ناو ڕووبارەکانی قشڵاخ و گاوەرۆ و تەواونەبوونی وێستگەی پاڵاوتنی سنە، جێبەجێکردنەکەی ڕاگرتووە.
شایانی باسە بەردەوامیی هاتنی ئەم ماددە پیسکەرانە دوای پڕکردنەوەی بەنداوەکە دەتوانێت سەرچاوەکانی ئاو و خاک، کشتوکاڵ و دۆخی نیشتەجێبوون لە گوندەکانی ناوچەکەدا بخاتە مەترسییەوە.
ئەم هۆشدارییانە لە حاڵێکدا دووپات دەکرێنەوە کە بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی پارێزگای سنە لە خەزەڵوەری ١٤٠٢دا باسی لە پێشبینیکردنی ٩٠٠ میلیارد تمەن بوودجە بۆ گەڵاڵەکانی ئاوەڕۆی پارێزگاکە کردبوو؛ پارێزگاری پێشووش بەڵێنی دا بوو کە کێشە ماوەکانی بەنداوەکە تا نیوەی یەکەمی ساڵی ١٤٠٣ چارەسەر ببن؛ ئەو بەڵێنەی کە گەڵاڵەکردنەوەی پڕکردنەوەی بەنداوەکە، بێ چارەسەرکردنی تەواوی سەرچاوەکانی پیسبوون، جێبەجێکردنەکەی خستووەتە ژێر پرسیارەوە.