لە ئاکامی ناکارامەیی و کەمتەرخەمیی بەردەوامی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بەرانبەر بە خاوێنکردنەوەی زەوییە مینڕێژکراوەکان، تەقینەوەی مینێک لە شاری سەرپێڵی زەهاو لە پارێزگای کرماشان، بووە هۆی برینداربوونی سێ هاووڵاتی.
ڕۆژی سێشەممە ۲٨ی ڕەزبەر، لۆدێرێکی ڕێگەوبان لە کاتی ئیشکردندا لە سنووری سەرپێڵی زەهاو بەر مینێکی بەجێماوی شەڕی ئێران و عێراقدا کەوتووە و تەقیوەتەوە.
لە ئاکامی تەقینەوەی ئەو مینە، شۆفێری لۆدێرەکە و دوو کەس لە دانیشتووانی ناوچەکە بریندار بوون و بۆ چارەسەری پزیشکی بۆ دەرمانخانە گوازرانەوە.
سەرەڕای تێپەڕبوونی چەندین دەیە بەسەر کۆتاییهاتنی شەڕدا، کۆماری ئیسلامی بەئەنقەست ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی بە مینڕێژکراوی هێشتووەتەوە یان لە ترسی جموجۆڵی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان مینڕێژی کردوون.
بەپێی ئاماری ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، لە ساڵی ٢٠٢٥ی زایینیی بەهۆی تەقینەوەی مین لە سەرانسەری کوردستان و ئێراندا، ٢٢ کەس گیانیان لەدەست داوە و ٢٢ کەسی تریش بریندار بوون.