ئامادەکردنی: ئەوین حەکیمپوور
مستەفا مەولوودی، جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) ڕایگەیاند قۆناغی ئێستا دەتوانرێت وەک دەرفەتێکی گرنگ بۆ کوردی ڕۆژهەڵات ببینین لەپێناو گەیشتن بە مافە ڕەواکانیدا؛ هاوکات پێی لەسەر ئەوە داگرتەوە کە بەبێ چارەسەرکردنی پرسی کورد، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەرگیز ئارامی و سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێت.
مەولوودی لە میانی دیدارێکدا لە بەرنامەی «ئازادی» کە بڕیارە بەم زووانە هەمووی بڵاو بکرێتەوە، باسی لە هاوکێشە ناوچەییەکان و پێکدادانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران کرد و ئاماژەی بەوە دا کە جۆری سیاسەت و کردەوەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران زیانی ڕاستەوخۆی بە بەرژەوەندیی گەلانی ئێران، وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و تەنانەت بەرژەوەندیی زلهێزەکان لە ناوچەکەدا گەیاندووە و هەر ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی ئەم دۆخەی ئێستا.
جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەبارەی دۆخی کورد لە نێوان تەنگژە و بەرەکانی شەڕدا، دووپاتی کردەوە ئاسایشی ناوچەکە بە شێوەیەکی بنەڕەتی گرێدراوی چارەسەریی دادپەروەرانەی دۆزی کوردە و بەبێ ئەم هەنگاوە، ناوچەکە بەردەوام لە ناسەقامگیریدا دەمێنێتەوە. هەر لەو چوارچێوەیەدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پرسێکی گەرم، زیندوو، جیددی و سەردەمییە و ناکرێت چاوپۆشی لێ بکرێت، بەڵکوو پێویستی بە چارەسەرێکی یەکلاکەرەوە و جیددی هەیە.
مستەفا مەولوودی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا و سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی و دەستپێشخەرییەکانی تایبەت بە دیالۆگ کە لە دیدارەکانی ئەم دواییەی «مێری»دا خرابووە بەرباس، ڕایگەیاند: گفتوگۆ و دانوستان هەمیشە وەک یەکێک لە ڕێگاکانی گەیشتن بە ئاشتی دەمێنێتەوە، بەڵام بۆ حیزبی دێموکرات، پێوەر و بنەمای سەرەکی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەنگی شەقامی کوردییە. ناوبراو جەختی کردەوە کە هەمیشە بە گوێگرتن لە خواست و داواکارییەکانی خەڵک، سیاسەت و هەنگاو داواکارییە سیاسییەکانی حیزبەکەیان دەخەنە بەرباس و بڕیاری لەسەر دەدەن.
مستەفا مەولوودی لەبارەی تایبەتمەندیی خەبات لە ڕۆژهەڵات و ڕەتکردنەوەی پڕۆسەی هاوشێوە لەگەڵ پارچەکانی دیکە، هێڵی جیاکەرەوەی کێشا و ڕایگەیاند کە کوردی ڕۆژهەڵات خۆی بڕیاردەری سەرەکییە لەسەر دیاریکردنی شێوازی خەبات و ئاڕاستەی سیاسەتی خۆی لەپێناو دیاریکردنی مافی چارەنووسی خۆیدا. هەروەها جەختی کردەوە کە هەر پارچەیەکی کوردستان خاوەنی هەلومەرج، بارودۆخ و تایبەتمەندیی سیاسی-کۆمەڵایەتی خۆیەتی و بەپێی ئەو واقیعە خەبات دەکات؛ لەو سۆنگەیەشەوە جێبەجێکردنی هیچ پرۆسەیەکی هاوشێوە و لەبەرگیراوە لە پارچەکانی دیکەی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا وڵامدەر نییە و جێ ناکەوێت.
جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات لە کۆتایی لێدوانەکەیدا و لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە گرتنەبەری سیاسەتی «هەموو یان هیچ» و دەستنیشانکردنی ئامانجی ستراتیژیی خەباتی حیزبەکەیان، ڕایگەیاند ئامانجی کۆتایی ئەوان، دەستەبەرکردنی مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ کوردی ڕۆژهەڵاتە و، خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات بۆ ئەوەیە لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی ئازاد، دێموکرات و فیدراڵ لە ئێراندا، سەرجەم مافە نەتەوایەتی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی گەلی کورد بە فەرمی بەدی بێن و دەستەبەر بمێننەوە.