
هەیاس کاردۆ
ساڵی ڕابردوو سێ ئێرانیی نیشتەجێی ئەیالەتی کالیفۆڕنیای ئەمریکا شکایەتی خۆیان بردە بەردەم دادگای مەدەنیی فلۆڕیدا. داوای ئەو سێ کەسە وەرگرتنی خەسارەتێکی نەغدیی ٢٢٥ میلیۆن دۆڵاری لە پەرویز سابیتی، سەرۆکی ئیدارەی سێیەمی ساواک و جێگری سەرۆکی ئەو ڕێکخراوە ترسخوڵقێنە بوو. بەپێی ئیدیعای ئەو سێ کەسە، لە کاتی بەرپرسایەتیی سابیتی لە ئیدارەی ساواکدا و بە دەستووری ڕاستەوخۆی ناوبراو لە نێو زیندانی سیستمی شایەتیدا ئەشکەنجە کراون و هەر بەو هۆیەش تووشی زیانی جیسمی و دەروونی بوون.
دادگای مەدەنیی فلۆریدا لە دوو قۆناغدا بڕیاری وەگەڕخستن و درێژەی پێڕاگەیشتن بەو پەروەندەیەی دا: لە قۆناغی یەکەمدا، ڕۆژی ١٢ی ئووتی ٢٠٢٥ بڕیاری دا فایلێکی تایبەت بۆ ئەو داوایە بکرێتەوە و لێکۆڵینەوە بکرێ داخوا داواکە بایی ئەوە دەبێ دادگا خۆی پێوە ماندوو بکا یان نا. لەو ڕۆژەوە هەموو زانیارییەکانی پێوەندیدار کۆ کرانەوە و پاش هەڵسەنگاندنی تیمی پسپۆڕ و قازیی تایبەتی ئەو پەروەندەیە، سەرەنجام لە قۆناغی دووەمدا و ڕۆژی ٧ی ئوکتۆبری ئەمساڵ، ٢٠٢٦، بە پێچەوانەی داوای تۆمەتبار، پەرویز سابیتی، بۆ ڕاگرتنی پڕۆسەکە، قازی بڕیاری دا دادگایی وەڕێبخرێ. وا چاوەڕوان دەکرێ لە سەرەتاکانی ساڵی ئایندەی زایینییەوە ئەو پرسە بخرێتە دەستووری کاری دادگاوە.
لەبەر ئەوەی شکایەتەکە لە دادگای مەدەنی هاتووەتە گۆڕێ و تەنیا داوای خەسارەتی ماڵی کراوە، ئەگەر تۆمەتبار تاوانەکانیشی بسەلمێندرێن و کەیسەکەش بدۆڕێنێ دیسان ڕێی ناکەوێتە زیندان و تەنیا ناوی وەک تاوانبار سەبت دەکرێ و بەپێی توانا جەریمە دەکرێ. بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە دواتر خەڵکی دیکە ناتوانن لە دادگای جینایی شکایەتی لێ بکەن و داوای سزای زیاتری بۆ بکەن.
پەرویز سابیتی ساڵی ١٣٣٧ی هەتاوی وەک کارمەندی ڕەسمی لە نێو دەزگای داپلۆسێنەری ساواکدا دەستی بە کار کرد و بەهۆی خۆشخزمەتییەکانی و گرتنەبەری ڕێگای زۆر نائینسانی بەرامبەر گیراوان، بە توندی پلەکانی سەرکەوتنی بڕی. ناوبراو ساڵی ١٣٥٢ی هەتاوی بەرپرسایەتیی ئیدارەی سێیەمی ساواکی وە ئەستۆ گرت و لە هەمان کاتیشدا بوو بە جێگری سەرۆکی گشتیی ساواک. سابیتی هەتا بەر لە ڕووخانی ڕێژیمی شایەتی لە ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧دا لەو پۆستە گرینگەدا مایەوە و ڕیکۆردی جینایەت و وەحشیگەریی لە مێژووی ساواکدا شکاند. دەیەی پەنجای هەتاوی بە دەیەی ئەشکەنجە و کوشتاری ئازادیخوازان ناسراوە و بەرپرسی هەموو ئەو جینایەتانەش بە پلەی یەکەم خودی شا و دوای ئەویش پەرویز سابیتی بوو. سابیتی بە جۆرێک ببووە سیمبولی وەحشیگەری کە لەلایەن سیستمی دەسەڵاتەوە بە (مقام امنیتی) ناسرا و ئیتر کەس قسەی لە قسە نەدەکرد. تێکۆشەرانی کورد و بەتایبەت ئەندامانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان، ئەندام و لایەنگرانی ڕێکخراوە چەپەکان و موجاهیدینی خەڵق بەشی هەرە زۆری ئازار و ئەشکەنجەکانیان وەبەرکەوتبوو. یەک لە جینایەتە هەرە بەرچاوەکانی ساواک لەو سەردەمەدا کوشتاری بێدادگایی بەکۆمەڵی بیژەنی جەزەنی و هەشت کەس لە هاوڕێیانی لە بەرزاییەکانی پشتی زیندانی ئەوین لە ڕۆژی ٣٠ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٥٤ بوو کە دەنگدانەوەی زۆری لێکەوتەوە.
دەنگدانەوەی ئەشکەنجە و ئازاری زیندانیانی سیاسیی ڕێژیمی شایەتی بە جۆرێک لە ڕادەی جیهانیدا دەنگی دایەوە کە دەوڵەتی جیمی کارتێر لە ئەمریکا گوشاری خستە سەر شا هەتا نەرمتر بجووڵێتەوە و فەزای ئێران کراوەتر بکا. هەر بەهۆی ئەو گوشارە نێودەوڵەتییانە بوو کە شا ڕێگای دا خاچی سووری جیهانی نوێنەرانی خۆی بنێرێتە ئێران هەتا لە وەزعی ئازاری زیندانییان بکۆڵێتەوە. سەرەنجام ساڵی ١٣٥٦ی هەتاوی و دوای ڕاگەیاندنی (فەزای کراوەی سیاسی) لەلایەن دەسەڵاتەوە، نوێنەرانی خاچی سوور ڕێگایان درا بێنە ئێران و لێکۆڵینەوەی خۆیان دەست پێ بکەن. دوای لێکۆڵینەوە لە ژمارەیەکی زۆر زیندانی و بەتایبەت لە زیندانەکانی قەسر و ئەوین، دەرکەوت ئەشکەنجەی جیسمی و ڕووحی لە ڕادەیەکی زۆردا بەڕێوە چووە. بەپێی ڕاپۆرتەکە دەرکەوت یەک لە سێی زیندانییان، واتە نیزیکەی ٩٠٠ کەس لەوانەی پرسیاریان لێ کرابوو، بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەشکەنجە دراون. لە هێندێک سەرچاوەدا باسی لانیکەم مەرگی ٣٤٤ کەس لە ژێر ئەشکەنجەدا کرابوو. یەک لە نوێنەرانی خاچی سوور دوای دیتنی شوێنەواری سەرسوڕهێنەری ئەشکەنجە لەسەر لەشی زیندانییان ڕایگەیاندبوو ئەوانە دەبێ وەک (ئەشکەنجەی ئاریامێهری) لە مێژوودا تۆمار بکرێن.
لە دوا مانگەکانی بەر لە سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، لە کاتێکدا ناڕەزایەتییەکان هەروا پەرەیان دەستاند و ڕێژیم گڵۆڵەی کەوتبووە لێژی، شا ناچار دەزگای ساواکی لابرد و ئیقراری کرد هەڵەی زۆر کراوە. پەرویز سابیتی کە کارنامەیەکی یەکجار ڕەشی بۆ خۆی تۆمار کردبوو، هیچ ڕێگایەکی نەما جگە لە خۆشاردنەوە و ڕاکردن لە وڵات. ئەو کابرایە کە لە ماوەی دەسەڵاتی تۆقێنەری خۆیدا سامانێکی زۆری وەسەریەک نابوو، بە بیست میلیۆن دۆڵارەوە، لە ڕێکەوتی ٩ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٥٧ بە ئاسانی سنووری بڕی و سەرەتا خۆی گەیاندە وڵاتی فەڕانسە و دواتر لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گیرسایەوە. ناوبراو زۆر زوو خۆی دەگەڵ وەزعی مەوجوود گونجاند و بە گۆڕینی ناوی پەرویز بۆ (پیتر) خۆی لە کۆمەڵگای ئێرانییەکان حەشار دا. دواتر بە وەڕێخستنی ئاژانسی ساتوسەودای موڵک و ماڵ، سامانی خۆی زیاتر کرد و ژیانێکی ئاسوودەی بۆ خۆی و ماڵومنداڵی پێکهێنا. بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی (گاردیەن)، سابیتی لە کاتی ئاشکرابوونیدا لە ئاپارتمانێکی شیکی سێ میلیۆن و شەشسەد هەزار دۆڵاریی شاری ئۆرلاندۆ دەژیا.
بە دەرکەوتنی زیاتری لایەنگرانی گەڕانەوەی نیزامی شایەتی و ڕاست لە میانەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا، پەرویز سابیتی بە خۆی و بنەماڵەوە لە خۆنیشاندانی سەڵتەنەتخوازەکاندا دەرکەوت و وێنەی بڵاو بووەوە. دواتر چەند وتوێژی دەگەڵ تەلەڤیزیۆنی ئێرانییەکان ئەنجام دا و دیفاعی لە کردەوەکانی ساواک کرد. پێشتریش وتوێژێکی دوور و درێژی دەگەڵ خۆفرۆشێک بە ناوی (عیرفان قانعی فەرد) کردبوو کە لە دووتوێی کتێبێکدا بە ناوی (در دامگە حادثە) بڵاو ببووەوە. لەو کتێبەشدا سابیتی بە ئاشکرا باسی فرت و فێڵەکانی ساواک دژی خەباتکارانی کردبوو. هەروەها لە سێبەری تاریکی ئەو دەزگا تۆقێنەرە بەسەر کۆمەڵگای ئێران دوابوو و بە ئاشکرا ڕایگەیاندبوو ساواک ئاگای لە هەموو شتێک هەبوو.
بە بڵاوبوونەوەی وێنەی سابیتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، ئەوانەی ساڵانێک بوو وەدوای پێ و شوێنی کەوتبوون هەتا دە داوی بخەن، جرجە مشکیان هاتە بەردەست. دوای ئەوەی ناسنامە و شوێنی نیشتەجێبوونی دروستی سابیتی ساغ بووەوە، سێ ئێرانیی دانیشتووی ئەمریکا بە هاوئاهەنگی دەگەڵ یەک، تەرحی شکایەتێکیان بردە لای دادگای ئەیالەتی فلۆڕیدا و بە ڕەسمی داوای خەسارەتیان لە ناوبراو کرد. ئەوان بە سەنەد و بەڵگە دەریانخست لە کاتی سەرۆکایەتیی سابیتیدا ئەشکەنجە کراون و زیانی قورسیان وێکەوتووە. بەپێی قانوونی ئەو ئەیالەتەی ئەمریکا داوای لەو جۆرە تەنیا هەتا تێپەڕینی دە ساڵ لە کاتی ڕوودانیدا وەگەڕ دەخرێ. بەڵام لەبەر ئەوەی سابیتی بە گۆڕینی ناوی خۆی و خۆشاردنەوەی دوورماوەی، ئیمکانی دۆزینەوەی نەبوو، قازی قبووڵی کرد کە پەروەندەکە وەگەڕ بکەوێ.
بەمجۆرە بۆ یەکەمجار دوای نیزیکەی نیو سەدە لە گۆڕنانی نیزامی شایەتی و ئەو هەموو زوڵم و زۆرەی دەرحەق بە خەڵکی ئەم وڵاتەی کرد، کلکی سەرۆکی ئەشکەنجەگەرانی ئەو سیستمە خۆسەپێنە بە تەڵەوە بوو. بڵاوبوونەوەی ناوی سەرۆکی ئیدارەی سێیەمی ساواک کە ڕاستەوخۆ بەرپرسی گرتن و ڕاونان و زیندانیکردن و ئەشکەنجەی ئازادیخوازان بوو، هەستێکی زۆر خۆشی دە نێو خەباتکارانی ڕێی ئازادی و بەتایبەت بەرگریکارانی مافی مرۆڤدا ساز کرد. ئەو کەسانەی لە ژێر ئەشکەنجەی ساواکدا گیانیان لەرزی و خوێنیان دە لەشی چزی، فرمێسکی شادییان دە چاویاندا گەڕا. ئەو دایک و باوکانەی ڕۆڵەکانیان بەدەستی ئەشکەنجەگەرانی ساواک جەستە و ڕووحیان ئازار درا، هەناسەیەکی ئاسوودەیان هەڵکێشا. هەموو ئەو کەسانەی ساڵانێکی زۆر بوو چاوەڕێی دەرکەوتنی حەقیقەت لە بەردەرگای عەداڵەت بوون، پشوویەکیان هاتەوە بەر.
بەڵام لەلایەکی دیکەوە دوو دەستەی بە ڕواڵەت دژ بەیەک، بەڵام هاودەست و هاوسۆز، بەو لەداوکەوتنە شۆک بوون و ترسیان لێ نیشت. بەرەی سەڵتەنەتخواز و فاشیستی ئێرانی کە هەتا ئێستاش قبووڵی نەکردووە ساواک دەزگایەکی سەرکوتکەر و ترسناک بووە، هاواری لێ بەرز بووەوە و ئەوەی بە تەوهین بە نیزامی (شاهەنشای والامەقام) حیساب کرد. شاپەرستەکان کە جگە لە جنێو و تەوهین بە دژبەرانیان زمانێکی دیکە نازانن، دیسان دەستیان بە هەڕەشە و سووکایەتی کرد. ترسی شاپەرستەکان زیاتر لە شکانی شکۆی قەت نەبووی نەزم و نیزامە پووچەکەیانە هەتا جەریمەی مۆرەیەکی سووتاوی وەک سابیتی. لە ڕاستییشدا درێژەی ئەو دادگایە و ڕوونبوونەوەی هەموو ئەو تاوانانەی دەزگای ساواک دژی ئەو سێ ئێرانییە کردوونی، ڕووی دزێوی نیزامی شایەتی سەت هێندەی دیکە دەردەخا.
لەلایەکی دیکەشەوە جینایەتکارانی کۆماری ئیسلامی کێچیان کەوتووەتە کەوڵی و هەر لە ئێستاوە ترسی محاکەمەی خۆیان لێ نیشتووە. بێگومان ڕۆژی خستنەبەری دادگای بەرزی عەداڵەتی هەموو ئەو جینایەتکارانەی ماوەی نیو سەدەیە گۆمی خوێنیان لە لەشی ئازادیخوازان وەڕێخستووە، زۆر نیزیکە. بەڵام ئیدی دەورانی ئێستا وا نەماوە جینایەتکارانی ڕێژیم بتوانن وەک سابیتی بە کۆڵێک پوولەوە و بە ئاسانی سنوور ببڕن و خۆیان بشارنەوە. حەتمەن دادگای ئەوانە لە نێوخۆی ئێران دەبێ و هەر لەلایەن خەڵکیشەوە محاکەمە دەکرێن.