لە ڕۆژانی ڕابردوودا، «ڕەسووڵ یووسفی ئازەر»، لاوی ٢٣ ساڵە و خەڵکی مەهاباد، بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکرانە داسەپاوەکەی دەسبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد گواسترایەوە.
بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا، ناوبراو پێشتر بۆ ماوەی ٤٠ ڕۆژ لە یەکێک لە گرتنگەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ڕێژیم بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کرابوو و پاشان بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم» سزای ٦ مانگ زیندانیی داسەپاوی بەسەردا سەپێندرا.
«ڕەسووڵ یووسفی ئازەر» بۆ ماوەی ٤٠ ڕۆژە، لە شوێنێکی نادیاردا، لەژێر لێکۆڵینەوەدا بووە و پاش ٤٠ ڕۆژ بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.