لە کاتێکدا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ڕۆژانە بە جێبەجێکردنی حوکمی سێدارە گیانی هاووڵاتییان دەخاتە مەترسییەوە، هەڵمەتی "سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان" چووە ١٤٣هەمین حەفتەی خۆیەوە و بەندکراوان لە ٦٦ بەندیخانەی سەرانسەری کوردستان و ئێراندا مانگرتن لە خواردنیان دەست پێ کردەوە.
بەپێی بەیاننامەی فەرمیی ئەندامانی ئەو کارزارە، لە سەرەتای مانگی ڕەزبەرەوە تا ئێستا لانیکەم ٧٢ بەندکراو لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە سێدارە دراون.
هەروەها ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی هۆشداریی داوە کە ۲۰ کەس لە دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ۱۴۰٤ لە مەترسیی بەپەلەی سێدارەدان و لانیکەم ۳٤ کەسیشیان پێشتر حوکمەکەیان بەسەردا جێبەجێ کراوە.
هاوکات لە حەفتەی ڕابردوودا، حوکمی سێدارەی"وریشە مورادی"، بەندکراوی سیاسیی کورد جارێکی دیکە لەلایەن دیوانی باڵای ڕێژیمەوە پەسند کرایەوە.
لە درێژەی پشتیوانییە نێودەوڵەتی و نێوخۆییەکاندا، "لێوپۆڵدۆ مالدۆنادۆ" ڕیپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و بزووتنەوەی "دایکانی ئاشتیی کوردستان" پەیوەستبوونی خۆیان بەم هەڵمەتەوە ڕاگەیاندووە.
لە ئێستادا بەندکراوانی ٦٦ بەندیخانە لەوانە بەندیخانەکانی ئیلام، کرماشان، سنە، سەقز، مەهاباد، ورمێ، بۆکان، مەریوان، بانە، کامێران، سەڵماس، خۆی، میاندواو، نەغەدە، بانە، دەڕەشار، ئێڤین و قزڵحەسار دەستیان داوەتە مانگرتن لە خواردن.