کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەند هاووڵاتییەکی دیکەی کوردستان کەوتنە بەر هێرشی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم

10:11 - 29 رەزبەر 2726

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ئەحەد میهەنخا خەڵکی شنۆ بۆ جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی ڕەوانەی زیندان کرا، ئارام ئەمینی خەڵکی سەقز  و سولەیمان ڕەسووڵی خەكی شنۆ دەسبەسەر کران و یووسف دێهقانی خەڵکی قوروە، کادری دەرمانی و لە دەسبەسەرکراوانی مانگ بەفرانبار سزای قورسی بەسەردا سەپێندرا.

ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا ڕایگەیاند کە ئێوارەی ڕۆژی  دووشەممە ٢٧ی ڕەزبەری ١٤٠٥، «ئەحەد میهەنخا» بۆ جێبەجێکردنی سزای پێنج ساڵ بەندکرانی داسەپاو گواستراوەتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە شنۆ ئەم سزایەی بە تۆمەتی «هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کورستانییەکان» بەسەر ناوبراودا سەپاندووە.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی هەنگاو، ئارام ئەمینی، هاووڵاتیی تەمەن ۲۵ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز، لە ئەنجامی هەڵکوتانی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم بۆ سەر ماڵی ناوبراو، دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی هێرانا، سولەیمان ڕەسووڵی، خەڵکی شاری شنۆ، لەلایەن هێزەکانی ئیداره ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لەم شارەدا دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

هاوکات یووسف دێهقانی، یەکێک لە ئەندامانی کادری دەرمانی و لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ۱۴۰۴ لە قوروە،  لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لەم شارە، بە یەک ساڵ زیندانیی داسەپاو، دوو ساڵ زیندانیی هەڵپەسێردراو، دوو ساڵ دوورخرانەوە، لێدانی ۳۱ قامچی و پێبژاردنی نەختی سزا درا.