کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بریتانیا دوو تۆمەتباری سەر بە ڕێژیمی لە پیلانی "فێرفۆرد"دا دەسبەسەر کردەوە

10:17 - 29 رەزبەر 2726

پۆلیسی دژەتێرۆری بریتانیا دوو کەسی بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پرۆسەی پیلانڕێژی بۆ هێرشکردنە سەر بنکەی ئاسمانیی فێرفۆرد جارێكی دیكه‌ دەسبەسەر کردووە کە یەکێکیان هاووڵاتییەکی دووڕەگەزیی ئێرانی-بریتانیاییە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز"، پۆلیسی بریتانیا ڕۆژی سێشەممە ۲٨ی ڕەزبەر ڕایگەیاند کە ئەم دوو کەسە (لاوێکی ٢٤ ساڵەی بریتانی و لاوێکی ٢٥ ساڵەی دووڕەگەزی ئێرانی-بریتانیایی) بەپێی یاسای ئەمنییەتی نەتەوەیی دووبارە دەسبەسەر کراونەتەوە.

پێشتر ئەم کەسانە بە کەفالەت ئازاد کرابوون، بەڵام بەهۆی دەستڕاگەیشتن بە بەڵگەی نوێ خرانەوە ژێر چاوەدێری و دەسبەسەر کرانەوە.

"لارێنس تەیلۆر" بەرپرسی پۆلیسی دژەتێرۆری بریتانیا جەختی کردەوە کە لێکۆڵینەوەکان لەسەر ئەم پرۆسە ئاڵۆزە بەردەوامن و ڕایگەیاند: "پێگەی ئێمە گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە؛ ئێمە هێشتا لەسەر ئەو بڕوایەین کە بە ئەگەری زۆر زۆرەوە، ڕێژیمی ئێران دەستی لەم بابەتەدا هەبووە."

پێشتریش بەرپرسانی بریتانیا و ئەمریکا، لەوانە "مارکۆ ڕۆبیۆ" وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە شێوەیەکی ئاشکرا ڕایانگەیاندبوو کە ئەم پیلانە تێرۆریستییە بە ئەگەری نزیک بە دڵنیاییەوە لەلایەن سپای تێرۆریستیی پاسدارانەوە ئاراستە و هاواهەنگی کراوە.

بنکەی ئاسمانیی "فێرفۆرد" لە ڕۆژاوای ئینگلیس، شوێنی جێگیربوونی بۆمبهاوێژەکانی ئامریکا بووە.

کردەوە تێرۆریستییەکان و دەستێوەردانی کۆماری ئیسلامی لە خاکی وڵاتانی ئورووپاییدا، ڕوخساری ڕاستەقینەی ئەم ڕێژیمەی وەک سەرچاوەی سەرەکیی تێرۆریزم و ناسەقامگیریی نێودەوڵەتی زیاتر لە پێشوو بۆ کۆمەڵگەی جیهانی ئاشکرا کردووە.