کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێتانیاهوو: لاوازکردنی کۆماری ئیسلامی بەس نییە، دەبێت ئەو ڕێژیمە بەتەواوی بڕووخێندرێت

10:43 - 29 رەزبەر 2726

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی لەسەر کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و ڕووخاندنی تەواوەتیی ئەم ڕێژیمە سوورە و ئاشکرای کرد کە لەم بارەیەوە هاواهەنگیی بەردەوامی لەگەڵ سەرۆککۆماری ئەمریکادا هەیە.

بێنیامین نێتانیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی سێشەممە ۲٨ی ڕەزبەر لە وتارێکدا ڕایگەیاند: "ئێمە پێبەندین، من بە شێوەیەکی دیاریکراو پێبەندم بە تەواوکردنی ئەم ئەرکە، کە بە مانای ڕووخاندنی ڕێژیمی ئێرانە؛ واتە بڕینی سەری ئوختاپووسە ژەهراوییەکە . ئەگەر سەری بپەڕێنیت، تەواوی جەستەی دەڕووخێت."

نێتانیاهوو ئاماژەی بەوە کرد کە لاوازکردنی ڕێژیمی تاران بە تەنیا بەس نییە، چونکە ئەم ڕێژیمە تا ببووژێتەوە دووبارە هەوڵی بونیادنانەوەی چەکی ئەتۆمی و هێزە تێرۆریستییە نیابەتییەکانی لە ناوچەکەدا دەدات.

ناوبراو ئاشکرای کرد کە تەنیا ڕێگە بۆ ڕێگری لەم مەترسییە، ڕووخاندنی یەکجارەکیی کۆماری ئیسلامییە و بە ڕووخانی تاران، حیزبوڵڵاش بەتەواوی لەنێو دەچێت و ئاشتی لەگەڵ لوبناندا دێتە دی.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەختی کردەوە کە لەمبارەیەوە چەندین جار لەگەڵ "دۆناڵد ترامپ" سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕاوێژی کردووە و لەسەر کۆتاییهێنان بە کاری تەواونەکراوی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕێژیمی تاراندا هاوڕان.

لێدوانەکانی بێنیامین نێتانیاهوو لەکاتێکدایە کە هاوکێشە ئەمنییەتی و سەربازییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست چوونەتە قۆناغێکی یەکلاکەرەوەوە.