کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاتس: بەشداریی حیزبوڵڵا لە هێرشەکانی تاران وێرانبوونی "زاحییە" و داگیرکاریی زیاتری لوبنانی بەدوادا دێت

10:51 - 29 رەزبەر 2726

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشداریی دا کە ئەگەر حیزبوڵڵای لبنان بەشداری لە هەر ئۆپەراسیۆن و هێرشێکی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بکات، ناوچەی زیاتری خاکی لوبنان داگیر دەکەن و هێرشی زۆر قورس دەکەنە سەر "زاحییە"ی بەیرووت و دەبێ چۆڵ بکرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی"یۆرۆنیوز"، یێسرائیل کاتس ڕایگەیاند لە ئەگەری دروستکردنی هەر هەڕەشەیەک لەلایەن حیزبوڵڵاوە بۆ سەر ئەمنییەتی وڵاتەکەی، ئەرتەشی ئیسرائیل ناوچەی ئەمنییەتی بۆ شوێنەکانی وەک "نەبەتییە" و بەرزاییەکانی دەروبەری ڕووباری "لیتانی" لە باشووری لبنان پەرە پێ دەدات.

کاتس ئاشکرای کرد کە ئەرتەشی ئیسرائیل تا ئێستا زۆرتر لە ٦٠ گوندی لبنان و نزیکەی ۲٣ هەزار خانووی ڕووخاندووە کە ببوونە مۆڵگەی تێرۆریستانی حیزبوڵڵا و ناوچەیەکی ئەمنییەتییان بە ڕووبەری ۷۰۰ کیلۆمیتری چوارگۆشە دروست کردووە.

ناوبراو جەختی کردەوە کە هێزەکانی ئیسرائیل لەو ناوچەیە ناکشێنەوە مەگەر ئەوەیکە حیزبوڵڵا لە سەرانسەری لوبناندا بەتەواوی چەک بکرێت و مەترسییەکانی سەر ئیسرائیل لەنێو بچن.

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هەروەها ڕاستەوخۆ هۆشداریی دایە "نەعیم قاسم"، سکرتێتی حیزبوڵڵا و ڕایگەیاند کە حەسەن نەسروڵڵا پێش کوژرانی کۆمەڵگەی شیعیەی لبنانی ڕووبەڕووی کاولکاری کردەوە و ئەگەر قاسم درێژە بە پاشکۆیەتیی ڕێژیمی تاران بدات، ڕووبەڕووی هەمان چارەنووس دەبێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەبارەت بە دانوستانەکانی ئاگربەست جەختی کردەوە کە ئەگەر ئەرتەشی لبنان نەتوانێت ناوچە دیاریکراوەکان لە بوونی چەکدارانی حیزبوڵڵا پاک بکاتەوە، ئەرتەشی ئیسرائیل خۆی ئەو ئەرکە ڕاستەوخۆ دەگرێتە ئەستۆ.