لە درێژەی سیاسەتی سەرکوتکاری و مێلیتاریزەکردنی خاکی کوردستاندا، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هێز و کەرەستەی زۆری سەربازیی بەرەو ناوچە سنوورییەکانی شاری بانه بەڕێ کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە بەشی هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕێژیم لە شاری بانەوە هێزێکی زۆری سەربازی بەرەو ناوچەی سنووریی "سورێن" بەڕێ کردووە.
ئەم هێزە سەربازییە کە لە زیاتر لە ٣٠ ماشینی سەربازی پێکهاتووە، هێزێکی زۆر و چەندین تۆپ و چەکی قورسی دیکەی پێ بووە و لەو ناوچەیە جێگیر کراون.
جێگەی ئاماژەیە کە ڕێژیم لەکاتی دەستپێکردنی شەڕ لە ٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ی هەتاوییەوە، هێزێکی زۆر و کەرەستەی سەربازیی قورسی لە سەرانسەری سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا جێگیر کردووە و تا ئێستا چەندین هاووڵاتی و کۆڵبەری بێتاوان بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزە سەرکوتکەرانە کوژراون و بریندار بوون.
ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کە لە بەرانبەر قەیرانە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا تووشی دەستەوەستانی بووە، هەمیشە هەوڵ دەدات لە ڕێگەی ناردنی هێز و مێلیتاریزەکردنی ناوچەکانی کوردستان، کەشێکی ئەمنییەتی بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپێنێت.