مای ساتۆ، ڕێپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری مافی مرۆڤی ئێران، لە ڕاپۆرتی ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی ڕەزبەری ١٤٠٥دا، نیگەرانیی خۆی بەرانبەر بە بوونی «تەنگژە و بەربەستی دوو هێندە بۆ سوودمەندبوون لە دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە» بۆ کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان لە ئێران، بەتایبەت لە دۆسییەکانی گەیشتوو بە سزای سێدارە، دەربڕی.
ساتۆ لەو ڕاپۆرتەیدا بە لێکۆڵینەوە لە دۆخی کورد، بەلووچ، عەرەب، تورک و تورکەمەن، جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە هەڵاواردن دژی ئەم نەتەوانە چەندین بواری جۆراوجۆر دەگرێتەوە؛ لە سنووردارکردن لە بەکارهێنانی زمان و نوێنەرایەتیی بنەڕەتی لە دەنگوڕەنگی ڕێژیمەوە بگرە تا پەراوێزخستنی ئابووری، دەسبەسەرداگرتنی زەوییەکان و تێکدانی ژینگە.
لە بەشێکی تری ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە کۆڵبەرە کوردەکان و سووتەمەنیبەرە بەلووچەکان بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانیان، زۆربەی کات پشت بە گواستنەوەی کاڵا و سووتەمەنی لە ناوچە سنوورییەکان دەبەستن.
هەروەها ڕێپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی کردووەتەوە کە «هەڵاواردن دژی کەمینەکان لە دەرەوەی سیستەمی دادوەریی سزایی کۆتایی نایەت» و دەتوانێت کاریگەری لەسەر هەموو قۆناغەکانی دادگاییکردن، لە دەسبەسەرکردن و لێکۆڵینەوەوە بگیە تا پاراستن، دادگاییکردن و دەرکردنی سزاکان، لەوانەش سزاکانی سێدارە، هەبێت.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، بەندکراوانی نەتەوە بندەستەکانی ئێران کە ڕووبەڕووی سزای سێدارە دەبنەوە، ڕەنگە تووشی کێشەی وەکوو دەستپێڕاگەیشتنی ناتەواو بە وەرگێڕ لە ڕەوتی لێکۆڵینەوە و دانیشتنەکانی دادگا، بانگەشەی ئەشکەنجەدان و هەڵسوکەوتی توندوتیژانە بۆ وەرگرتنی دانیپێدانانی زۆرەملێ و بەدواداچوونی دادوەری لەسەر بنەمای تۆمەتە پەیوەندیدارەکان بە "ئەمنییەتیی میللی" ببنەوە.
ساتو هەروەها ئاماژەی بە یووسف ئەحمەدی، زیندانیی کوردی خەڵکی بانە، سەبارەت بە ئەشکەنجەی دڕندانە پاش دەسبەسەرکران و بێبەشبوون لە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان کردووە.
هەروەها ساتۆ باسی لە ڕەئووف شێخ مەعرووفی، محەممەد فەرەجی و موحسین ئیسلامخاه، ٣ زیندانیی کوردی مەحکووم بە سێدارە لە پەیوەندیی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی «ژن، ژیان، ئازادی»ش کرد.
ساتۆ پیداگریی لەسەر ئەوە کردەوە کە دۆسیەکانی پەیوەندیدار بە سزای سێدارە، بێچاوپۆشیکردن لە بابەتی دۆسیەکە و لەسەر بنەمای مافی نێونەتەوەییی مرۆڤ، پێویستیان بە وردترین و توندترین لێکۆڵینەوەکان هەیە.
لە کۆتاییدا ساتۆ ئەم هۆکارانەی بە هۆکاری بەهێز بۆ جێبەجێکردنی چاودێریی تایبەت، ورد و توند لەسەر دۆسیەکانی سێدارەی ئەندامانی کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان ناو برد.