لە سێبەری ناکارامەیی و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ڕێژیم، کەرتی ژینگەی ئێران گەیشتووەتە قۆناغی کارەسات و سەرچاوە فەرمییەکانی خودی ڕێژیم دان بەوەدا دەنێن کە ساڵانە ٥٠ هەزار کەس بەهۆی پیسبوونی هەواوە دەبنە قوربانی.
جەلیل بادامفیرووز، سەرۆکی خانەی توێژینەوە ژینگە و گەشەپێدانی بەردەوامی سەر بە ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران ڕایگەیاند کە بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی پاراستنی ژینگە و وەزارەتی تەندروستی، پیسبوونی هەوا ساڵانە دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی دەوروبەری ٥٠ هەزار کەس لە ئێراندا.
ئەم ئامارە لەکاتێکدا بڵاو دەبێتەوە کە بەکارهێنانی مازووت لە هەندێک لە وێستگە و ناوەندە پیشەسازییەکاندا، بەتایبەت لە سەردەمی ناهاوسەنگیی وزەدا، نیگەرانیی جیددیی سەبارەت بە زیادبوونی بڵاوبوونەوەی گازە زیانبەخشەکان و توندتربوونی پیسبوونی هەوا هێناوەتە ئاراوە.
سووتاندنی سووتەمەنیی قورس، بەتایبەت لە حاڵەتی بەرزبوونی ڕێژەی گووگرددا، دەتوانێت بڵاوکردنەوەی دیئۆکسیدی گووگرد و گەردیلە زیانبەخشەکان زیاتر بکات.
بادامفیروز هەروەها بە ئاماژەدان بە قەیرانی سەرچاوەکانی ئاو و داڕمانی زەوی، جەختی لەسەر پێویستیی گۆڕینی توێژینەوە زانستییەکان بۆ کرداری ڕاستەقینە کردەوە.
کارناسان جەخت دەکەنەوە کە بەکارهێنانی سووتەمەنیی ناستاندارد و ناکارامەیی دامەزراوە پیشەسازییەکان، لەگەڵ بێپلانی و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ڕێژیم، هۆکاری سەرەکیی تێکچوونی ژینگەی وڵات و بەفیڕۆچوونی گیانی هەزاران مرۆڤن؛ قەیرانێک کە نیشانی دەدات کۆماری ئیسلامی نەتەنیا توانای بەڕێوەبردنی وڵاتی نییە، بەڵکوو ژیان و تەندروستیی خەڵکی ئێرانیشی خستووەتە مەترسیی جیددییەوە.