کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە شەرمەزارکردنی پیلانە هەواڵگرییەکان بۆ ناوزڕاندن و هەڕەشەکردن لە ژنان و کچانی کوردستان

15:42 - 29 رەزبەر 2726

لە درێژەی سیاسەتی سەرکوتکارانە و تۆڵەسەندنەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دژی کۆمەڵگەی کوردستان، ئەمجارە دەزگا ئەمنییەکانی ئەو ڕژیمە لە ڕێگەی کەنالێکی تێلێگرامەوە، هەوڵی ناوزڕاندنی کچان و ژنانی ناوچەکانی هەورامان، جوانڕۆ، ڕوانسەر و پاوە دەدەن.
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئەم کردەوە نامرۆڤانە و دژەئەخلاقی و پێشێلکارییەی دژی ژنان بە توندی شەرمەزار دەکات و ئەم جۆرە هەوڵانە بە بەشێک لە سیاسەتی تۆقاندن، بێزراوکردن و تێکدانی متمانە و پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتیی خەڵکی کوردستان دەزانێت.
ئەم پیلانانە، کە پێشتر نموونەکانیان لە شارەکانی وەک شنۆ، پیرانشار، مەهاباد، بۆکان و سەقزیش بینراون، ناتوانن ویستی ژنان بۆ ژیانێکی ئازاد و سەربەخۆ، یان پێکەوەژیان و یەکڕیزیی کۆمەڵگەی کوردستان تێک بشکێنن. ژنان و کچانی کورد بە هۆشیاری و بوێریی خۆیان، ڕووبەڕووی ئەم جۆرە هەوڵانە دەبنەوە و ناهێڵن کەرامەت و ئیرادەیان ببێتە قوربانیی پیلانە ئەمنییەکان.
بۆیە ئێمە وەک یەکیەتیی ژنان بانگەوازی هەموو کچان، ژنان و هاووڵاتیانی هۆشیاری کوردستان دەکەین کە:
- لە بەشداریکردن و بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی ئەو جۆرە کەنالانە خۆ ببوێرن.
- لە کاتی بینینی ئەو ناوەڕۆکانەدا، لە ڕێگەی "ڕاپۆرتکردن" (Report) یارمەتیی سنووردارکردن و داخستنیان بدەن.
- بە هۆشیاری و هاوکاریی یەکتر، ڕێگا لە بڵاوبوونەوەی ناوەڕۆکی ناوزڕێنەر و تێکدانی متمانەی کۆمەڵایەتی بگرن.
- پشتیوانی لە ژنان و کچانی قوربانیی ئەو کردەوە نامرۆڤانانە بکەن و ڕێز لە کەرامەت و مافیان بگرن.
کەرامەتی ژنان هێڵی سوورە؛ هیچ پیلانێک ناتوانێت ویست و هۆشیاریی کۆمەڵگەی کوردستان بشکێنێت.

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
٢٠٢٦/١٠/٢١