کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شکستی سێناریۆسازیی تاران؛ باڵوێزخانەی ئۆکراین جێگیرکردنی دڕۆن لە هەرێمی کوردستانی ڕەت کردەوە

15:49 - 29 رەزبەر 2726

دەزگا ئەمنییەتی و ڕاگەیاندنەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە درێژەی سێناریۆسازییە درۆیینەکانیان لە دژی هەرێمی کوردستان، تۆمەتی جێگیرکردنی دڕۆنی ئۆکراینییان خستە پاڵ هەرێم، بەڵام ئۆکراین بەتەواوی ئەو دەنگۆیانەی وەدرۆ خستەوە.

هەواڵدەریی "تەسنیم"ی سەر بە سپای تێرۆریستیی پاسداران، بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی ئەمنییەتیی نەناسراو و وەک بەشێک لە پیلانگێڕییە بەردەوامەکانی تاران بۆ تێکدانی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و خۆشکردنی بەستێنی دەستێوەردان و پەلامارەکان، بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە ئۆکراین یەکەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هەزاران دڕۆنی لە خاکی هەرێمی کوردستاندا جێگیر کردووە.

لە وڵامی ئەم چەواشەکارییەدا، باڵوێزخانەی ئۆکراین لە عێراق ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی بڵاو کردەوە و جەختی کردەوە کە ئەم بانگەشەیەی میدیای سەر بە سپای پاسداران بەتەواوی بێ‌بنەمایە و جۆرێکە لە چەواشەکاریی بەمەبەست.

باڵوێزخانەکە ڕایگەیاند کە ئۆکراین هیچ جۆرە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان یان کارمەندێکی ئەو بوارەی نە لە هەرێمی کوردستان و نە لە هیچ شوێنێکی دیکەی عێراق جێگیر نەکردووە.

باڵوێزخانەی ئۆکراین ڕوونی کردەوە کە وڵاتەکەی ڕێزێکی تەواو لە سەروەریی عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرێت و شانازی بە پەیوەندییە دۆستانەکانی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، هەروەها داوای لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن کرد وشیار بن و نەبنە ئامرازی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە و هەواڵە دروستکراوەکانی ڕێژیمی ئێران.