کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێکانی دوو نەوتهەڵگر لە گەرووی هۆرمۆز و نزیک بەندەری فاوی عێراق

15:54 - 29 رەزبەر 2726

لە درێژەی هێرشە تێرۆریستی و ئاژاوەگێڕییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا، دوو نەوتهەڵگری دیکە لە نێزیک گەرووی هۆرمۆز و باشووری ڕۆژهەڵاتی بەندەری فاوی عێراق کرانە ئامانج.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بریتانیا (UKMTO)، کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە دووری ١١ مایلی دەریایی لە ڕۆژاوای "بەخا" لە عوممان و لە نێزیک گەرووی هۆرمۆز لەلایەن مووشەک یان هاوێژراوێکی نەناسراوەوە پێکراوە.

 بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ئاگرکەوتنەوەی نێو کەشتییەکە کۆنتڕۆڵ کراوە و تەواوی خەدەمەکەی سەلامەتن.

لە ڕووداوێکی هاوشێوەدا، کاپیتانی نەوتهەڵگرێکی دیکە لە دووریی ٣٠ مایلی دەریایی لە باشووری ڕۆژهەڵاتی بەندەری فاوی عێراق ڕایگەیاندووە کە کەشتییەکەیان کەوتووەتە بەر هێرش؛ ئەمەش یەکەم جارە هێرشێکی دەریایی ڕێژیم تا ئەم ڕادەیە نزیک لە ئاوەکانی عێراق ڕوو بدات.

بەپێی ئامارە دەریاوانییەکان، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران تەنیا لەم مانگی ئۆکتۆبردا هێرشی بۆ سەر لانیکەم ٢٤ کەشتی لە کەنداو و ئاوەکانی ناوچەکە ئەنجام داوە؛ هەروەها سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریاوانی جەختی کردووەتەوە کە ڕێژیمی تاران مینڕێژکردنی گەرووی هۆرمۆزی بەردەوام کردووە و هێڵە دەریاییەکان مەترسییان لەسەرە.