کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٠ گوندی شاری دێهلۆڕان لەگەڵ کێشەی ئاوی خواردنەوە بەرەوڕوون

09:41 - 30 رەزبەر 2726

دانیشتووانی چەندین گوندی شاری دێهلۆڕان بەدەست نەبوونی ئاوی خواردنەوەی هەمیشەیی و خاوێنەوە دەناڵێنن و پڕۆژەکانی گەیاندنی ئاوبۆ ئەم ناوچانە بەهۆی دابیننەکردنی بودجە و ناکارامەیی کاربەدەستانی ڕێژیمەوە بەنیوەچڵی ماونەتەوە.

محەممەد محەممەدی، بەڕێوەبەری شیرکەتی ئاو و ئاوەڕۆی پارێزگای ئیلام ڕایگەیاند کە ١٠ گوندی شاری "دێهلۆڕان" لەگەڵ کێشەی دابینکردنی ئاوی هەمیشەیی و کەمیی ئاوی خواردنەوە بەرەوڕوون.

ناوبراو زیادی کرد کە تەنیا بۆ جێبەجێکردنی تەواوەتیی هێڵی گواستنەوە، دروستکردنی عەمباری ئاو و تەواوکردنی تۆڕە نێوخۆیییەکان لەو ١٠ گوندەی دێهلۆڕان کە بەردەوام کێشەی ئاویان هەیە، زیاتر لە ٢٣٠ میلیارد تمەن بودجە پێویستە.

محەممەدی هەروەها ئاماژەی بە پڕۆژەی گەیاندنی ئاو بە گوندی "پەتەک دیناروەند" کرد کە هێشتا بەتەواوی نەکەوتووەتە گەڕ و پێویستی بە ٣٣ میلیارد تمەن بودجە هەیە.

لەلایەکی دیکەوە، موراد یێگانە، فەرمانداری ڕێژیم لە دێهلۆڕان ئاماژەی بە پێویستیی بەپەلەی دابینکردنی لوولە و کەرەستە بۆ هێڵی گواستنەوەی ئاو بەرەو کۆمەڵگەی "مەملەح" و گوندەکانی "فەتح" و "نەسر" کرد.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەجیاتیی دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی هاووڵاتییان، ناوچەکانی کوردستانی لە پەراوێز و بێبەشیدا هێشتووەتەوە؛ سیاسەتێک کە بووەتە هۆی چۆڵبوونی گوندەکان و کۆچکردنی زۆرەملێی دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکانی کوردستان.