لە درێژەی گوشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی، وەزارەتی دارایی ئەمریکا سزای خستە سەر پێنج کەس، چوار کۆمپانیا و ٩ کەشتیی ڕێژیم.
نووسینگەی کۆنتڕۆڵی سەرمایە بیانییەکانی وەزارەتی دارایی ئەمریکا (OFAC)، ڕۆژی چوارشەممە ۲۹ی ڕەزبەر، لە چوارچێوەی فەرمانی جێبەجێکاریی ۱۳۹۰۲، گەمارۆی نوێی بەسەر پێنج کەس لەوانە سەرمایەداران و ڕاوێژکارانی سەر بە کۆمپانیای حقوقیی "کارناکیس ئەند کارناکیس" لە پاناما و یووناندا سەپاند.
لە هەمان ئاراستەدا، چوار کۆمپانیای ناوچەیی و نێودەوڵەتی لەوانە: "کارناکیس ئەند کارناکیس"، کۆمپانیای نێودەوڵەتیی "ڕۆکست ماریتایم" لە پاناما، "ئامیگۆز" لە سەنگاپوور و "وێڵز شیپینگ لاین" لە ئێمارات بەهۆی هاوکارییان لەگەڵ ڕێژیمی تاران خرانە پێڕستی سزاکانەوە.
وەزارەتی دارایی ئەمریکا هەروەها ٧ کەشتیی سەر بە کۆمپانیای "ڕۆکست ماریتایم" بە ناوی (ئانمۆس، دەستینی، فلامینگۆ ۱، گلۆریس، هارمۆنی، پراید و پرینس) بە ئاڵای پاناما و ۲ کەشتیی دیکە بە ناوی (وێڵز دایمۆند و وێڵز پرڵ) بە ئاڵای ئێماراتەوە سزا داوە.
ئەم بڕیارە دەبێتە هۆی دەسبەسەرداگرتنی دارایی و بەرژەوەندییەکانی ئەو کەس و دامەزراوانە لە چوارچێوەی دەسەڵاتی ئەمریکادا، هاوکات ئەنجامدانی هەر جۆرە مامەڵەیەک لەلایەن هاووڵاتییان و کۆمپانیاکانی ئەمریکا لەگەڵیاندا بە تەواوی قەدەغە دەکات، جگە لەو حاڵەتانەی کە مۆڵەتی تایبەتیان بۆ دەردەچێت.