کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٥٠٠ ناوەندی تەندروستیی لوڕستان پێویستییان بە نوژەنکردنەوەیە

09:53 - 30 رەزبەر 2726

لە سێبەری بێ‌پلانی و ئاوڕنەدانەوەی ڕێژیمی ئێران لە کەرتی تەندروستیدا، ٥٠٠ ناوەندی تەندروستیی پارێزگای لوڕستان تووشی داڕمان و داخران بوونەتەوە و پێویستیی بەپەلەیان بە نوژەنکردنەوە و بونیادنانەوە هەیە.

جەلالەدین ئەمیری، سەرۆکی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی لوڕستان، دانی بەوەدا نا کە ژێرخانی تەندروستی و دەرمانیی ئەو پارێزگایە لە دۆخێکی زۆر خراپدایە و بەشێکی زۆری نەخۆشخانەکان بەهۆی کۆنی و نەمانی ستانداردە پێویستەکان، دەستبەجێ پێویستییان بە نۆژەنکردنەوە هەیە.

ناوبراو ڕایگەیاند کە لە کەرتی تەندروستیدا نزیکەی ٥٠٠ ناوەندی تەندروستی لە پارێزگای لوڕستان پێویستییان بە نوژەنکردنەوەی بنەڕەتی، دروستکردنەوە یان دابینکردنی ژێرخانی نوێیە.

ئەمیری هەروەها ئاماژەی بە کەمبوونی بودجە و کەرەستەی پێویست کرد و جەختی لەوە کردەوە کە بەهۆی قەیرانی داراییەوە، تەواوکردنی پرۆژە نیوەچڵەکان کەوتووەتە مەترسییەوە و ناتوانرێت پڕۆژەی نوێ دەست پێ بكرێت.

پشتگوێخستنی کەرتی تەندروستی لە لوڕستان، بەشێکە لە سیاسەتی سیستماتیکی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ ڕاگرتنی ئەم ناوچانە لە بێبەشی و پەراوێزخراویدا، تا لەجیاتی دابینکردنی تەندروستی و ژیانی شایستە بۆ هاووڵاتییان، سەرمایەی وڵات بۆ مەبەستە سەربازی و ئاژاوەگێڕییەکانی تەرخان بکات.