کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیشاندانی هێز؛ دەیان فڕۆکەی جەنگیی ئیسرائیل تا نزیک سنووری ئێران باڵیان کێشا

10:59 - 30 رەزبەر 2726

لە درێژەی پەره‌سەندنی گرژییەکان و وڵامدانەوە بە هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی، پێگەی «ئاکسیۆس» لە زاری بەرپرسانی ئەمریکی و ئیسرائیلییەوە بڵاوی کردەوە کە دەیان فڕۆکەی جەنگی و سووتەمەنیبەخشی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل بە سەر ئاسمانی سووریە و عێراقدا تا نزیک سنوورەکانی ئێران فڕیون و گەڕاونەتەوە.

ئامانجی سەرەکیی ئەم مانۆڕە سەربازییە کە واشنگتۆن پێشوەختە لێی ئاگادار بووە، نیشاندانی توانای ستراتێژی و ڕێگریکردن بووە لە ئاژاوەگێڕییەکانی ڕێژیمی تاران.

سەرچاوەکان جەخت دەکەنەوە کە بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەختی لەوە کردووەتەوە کە تەنیا ڕێگەی بنبڕکردنی هەڕەشە ئەتۆمی و تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی، ڕووخاندنی ئەم ڕێژیمەیە و دەزگا ئەمنییەکانیشی لەمبارەیەوە ڕاسپاردووە.