دوناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا لە نوێترین لێدوانیدا هەموو جۆرە دانوستانێک لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێرانی ڕەت کردەوە و جەختی کردەوە کە کێشەی ڕێژیمی ئێران بەمزووانە و بە یەکێک لە شێوازەکان چارەسەر دەکرێت.
دوناڵد ترامپ دوای گەڕانەوەی لە کۆبوونەوەیەکی بانگەشەی هەڵبژاردن لە کارۆلینای باشوور، لە وڵامی پەیامنێراندا وتی: "نەخێر، پێموانییە ئێمە دانوستان بکەین. شتێک بە یەکێک لە شێوازەکان ڕوو دەدات کە زۆر بە خێرایی دێتە پێش."
سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕێژیمی ئێرانی بە "شێت" و "پشتیوانیی ژمارە یەکی تێرۆریزم لە جیهان" ناو برد و هۆشداریی دا کە ئەگەر ئەم ڕێژیمە دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات، لە ماوەی کاتژمێرێکدا بەکاری دەهێنێت.
ناوبراو ئاماژەی بە هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنی بەرجام و جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان کرد و زیادی کرد کە ڕێژیمی ئێران لە ڕووی سەربازی و ئابوورییەوە بە تەواوی شکستی پێ هێنراوە و ئێستا دڵنیایی دەدەین ڕێژیمی ئێران بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات.
ترامپ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەختی لەسەر گۆشەگیرکردنی تاران کردەوە و وتی نرخ هەڵاوسان لە ئێراندا گەیشتووەتە ئاستێکی زۆر بەرز، هاوکات دووبارە گەرووی هۆرمۆزی بە گەرووی ترامپ ناو برد وتی: "ئێمە گەرووی ترامپمان گەمارۆ داوە و و کارێکی بێوێنەمان ئەنجام داوە."