ناوەندی چاودێریی دارایی ئاڵمان ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی ڕەزبەر ڕایگەیاند کە مۆڵەتی چالاکیی لقی بانکی سادراتی ئێران لە هامبۆرگی هەڵوەشاندەوە و فەرمانی هەڵوەشاندنەوەی دەرکرد.
بافین ڕایگەیاند کە مۆڵەتی ئەم لقە لە نۆڤامبری ساڵی ڕابردوودا بەهۆی پێشێلکردنی مەرجە یاساییەکان و چارەسەرنەکردنی ئەو کەموکوڕییانەی کە دیاری کرابوون، هەڵوەشابووەوە. دادگایەکیش لە هامبۆرگ مانگی ڕابردوو بەڕێوەبەرێکی دەسنیشانکراوی بۆ ئەم بانکە دیاری کرد. ئەم لقە ئێستا مۆڵەتی ئەنجامدانی چالاکیی بانکیی نییە.
بەپێی زانیارییەکانی بافین، لقی بانکی سادرات لە ئاڵمان ١٣ کارمەندی هەیە و سامانەکەی بە ٦٢.٤ میلیۆن یۆرۆ خەمڵێندراوە.
ئەم هەنگاوە لە درێژەی سنووردارکردنەکانی بەرپرسانی ئاڵمانی دژی بانکە ئێرانییەکان ئەنجام دراوه. ئاڵمان لە مانگی سێپتامبریشدا لقی بانکی سپەهی لە فرانکفۆرت بەهۆی نەبوونی توانای گەڕاندنەوەی پارەی پاشەکەوتکراوی کڕیارەکانەوە، بە مایەپووچ ڕاگەیاندبوو.
سزاکانی یەکیەتیی ئورووپا دەستپێڕاگەیشتنی لقی بانکی سپەهی بە سیستەمی پێدانی ئورووپایی پچڕاندبوو؛ کە چالاکییەکانی ئەو بانکەی بە گشتی لەکار خستبوو.