کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵۆزییەکانی کەنداو و هۆرمۆز؛ لێدانی ٤ کەشتی و بەرکەوتنی ٣ کەشتی بە مین

13:11 - 30 رەزبەر 2726

هێزی دەریایی سپای تێرۆریستیی پاسداران ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی ڕەزبەر ڕایگەیاند کە چوار کەشتیی لە کاتی گواستنەوەی نەوت لە کەنداو کردووەتە ئامانج و چەند کەشتییەکی تریش بەر مینە دەریاییەکان کەوتوون.

بەپێی ڕاگەیەندراوی پەیوەندییە گشتییەکانی هێزی دەریایی سپا، هەر چوار کەشتییەکە لە یەک کاتدا پێکراون و لە ئاگردا دەسووتێن؛ ئەم هێزە ئیدیعای کرد کە کەشتییەکانی پاش تێپەڕبوونیان لە "ڕێڕەوی نایاسایی" چاوەدێری و لە کاتی گواستنەوەی نەوت لە کەشتییەکەوە بۆ کەشتییەکی تر، بە ئامانج گیراون.

ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستییە هەروەها ڕایگەیاند کە سێ کەشتیی تر لە ڕۆژاوای گەرووی هۆرمۆز بەر مینە دەریاییەکان کەوتوون، ئاگریان تێبەربووە و وەستاون.

لەلایەکی ترەوە، ڕێکخراوی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بریتانیا ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی ڕەزبەر لە هۆشدارییەکدا ڕایگەیاند کە نەوتهەڵگرێک لە ۳۰ مایلی دەریایی باشووری ڕۆژهەڵاتی فاو لە عێراق پێکراوە.

هەروەها سپا ڕۆژی سێشەممە هەواڵی ئاگرگرتنی دوو نەوتهەڵگر و بەرکەوتنی نەوتهەڵگری سێیەمی بە مین لە باشووری گەرووی هۆرمۆز بڵاو کردبووەوە.

کۆی گشتیی زانیارییەکانی هەردوو بەیاننامەکە دەریدەخات کە سپای تێرۆریستیی پاسداران لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا بە فەرمی باسی لە زیانپێگەیشتن و بەرکەوتنی ١٠ کەشتی لە ناوچەکەدا کردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ سەرچاوەیەکی بێلایەن و سەربەخۆ ئەم بانگەشانەی سپای پشتڕاست نەکردووەتەوە.