کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیویۆرک‌تایمز: ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ لێدانی بنکەکانی ئێران دوای هەڵبژاردنەکان ئامادەکاریی سەربازیی تەواویان کردووە

13:21 - 30 رەزبەر 2726

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی «نیویۆرک‌تایمز»، ئەرتەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل سەرقاڵی ئامادەکردنی پلانی هێرشی سەربازیی نوێ بۆ سەر ئێرانن، کە بڕیارە دوای هەڵبژاردنە نێوەندەییەکانی ئەمریکا جێبەجێ بکرێت. بەڵام ‌هێشتا بڕیاری کۆتایی لەلایەن دۆناڵد ترامپەوە نەدراوە.

ڕاپۆرتەکە ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە ئامانج لەم ئۆپەراسیۆنە کورتخایەن و بەهێزە، دروستکردنی گوشاری سیاسی و ئابورییە بۆ سەر تاران تاکوو ناچار بە پێدانی ئێمتیازی دیپلۆماسیی بکات.

بنکە ئەتۆمییەکان، ژێرخانە دڕۆنی و مووشەکییەکان لە چەقی ئامانجە گریمانەکراوەکاندا دەبن، بەڵام بۆ ڕێگریکردن لە قەیرانی وزە و بەرزبوونەوەی نرخی نێونەتەوەیی نەوت، دامەزراوە نەوتییەکان لە پێڕستی هێرشەکان دەرهێنراون.

لە بەرانبەردا، بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەڕەشەیان کردووە کە لە کاتی هەر هێرشێکی نوێدا، مەودای وڵامدانەوەکانیان فراوانتر دەکەن و جگە لە کەرتی وزە، ناوەندەکانی داتا، کێبڵە ژێردەریاییەکانی ئینتێرنێت و کەشتییە بازرگانییەکانی ناوچەکە دەکەنە ئامانج. سەرەڕای ئەم گرژییانە، هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بەرنامەی ناوکیی ئێران بەردەوامن، بەڵام تاران تا ئێستا ئامادە نەبووە هیچ ئیمتیازێکی ناوکی بداتە لایەنی بەرانبەر بۆیە ئەگەری هێرشەکردنە سەر ڕێژیمی تاران زیاتر لە هەمووکاتێک لە ئارادایە.