وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەو هەواڵانەی ڕەت کردەوە کە باس لە دەرکردنی فەرمانی چۆڵکردنی باڵیۆزخانەکانی ئەم وڵاتە لە چەند وڵاتێکی کەنداو دەکەن و ڕایگەیاند کە ئەم فەرمانە تەنها کارمەندە ناپێویستەکانی ئەمریکا و ئەندامانی خێزانەکانیان لە شانشینی عەرەبستان دەگرێتەوە.
تۆمی پیگوت، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی ڕەزبەر، لە کاردانەوە بەو هەواڵانەی سەبارەت بە کشانەوەی کارمەندانی ئەمریکایی لە ناوچەکە بڵاو ببوونەوە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: «ئەم هەواڵە دوورە لە ڕاستی و فەرمانی چۆڵکردن تەنیا بۆ کارمەندە ناپێویستەکانی حکوومەتی ئەمریکا و ئەندامانی خێزانەکانیان لە عەرەبستانی سعوودی دەرچووە».
هەروەها پیگوت ئاماژەی بە پەرەسەندنی هێرشی حوسییەکان بۆ سەر عەرەبستان کرد و وتی کە ئەم گرووپە هێرشەکانی خۆی، لەوانە بۆ سەر فڕۆکەخانە مەدەنییەکان و ژێرخانە گرنگەکان، زیاد کردووە. بە وتەی ناوبراو، ئەم هێرشانە بوونەتە هۆی قوربانی کەوتنەوە لەنێو خەڵکی مەدەنیدا و تێکچوونی گەشتە ئاسمانییەکان.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە ئاسایشی کارمەندانی ئەم وەزارەتە و خێزانەکانیان لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە و واشنگتۆن بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری ڕێکاری پێویست بۆ پاراستنیان.
پێشتر هەواڵی فەرانسە بە گێڕانەوە لە سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی بڵاوی کردبووەوە کە داوا لە سەرەتای کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عەرەبستان و خێزانەکانیان کراوە ئەم وڵاتە بەجێبهێڵن. هەروەها ئەم سەرچاوەیە باسی لە دەرکردنی فەرمانی چۆڵکردن بۆ خێزانی کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، ئۆردۆن، قەتەر و بەحرەین کردبوو.