
سارۆ خوسرەوی
مێژووی کورد مێژووی ئەو بێدەنگییانەیە کە بەسەریدا سەپێنراون؛ حەقیقەت تێیدا زۆرجار ناچار بووە پەنا بۆ ئەشکەوت ببات بۆ ئەوەی لە سێبەری ئینکار و لە ئاگری تەکفیر دەرباز ببێت. بەڵام هەر لە دڵی ئەو تاریکییەدا، ساتێک هەیە ئەشکەوت خۆی دەگۆڕێت بۆ مەکۆی حەقیقەت.
مەرنۆ ئەشکەوت نییە، وێستگەیە؛ وێستگەیەک لەنێوان فەنا و بەقادا. چیرۆکی مەرنۆ چیرۆکی شمشێر و شەڕ نییە، چیرۆکی لەدایکبوونەوەی نەتەوەیەکە لە دڵی بەرددا. ئەو شوێنەی ئەگەر سوڵتان سەهاک و سێ یارە وەفادارەکەی بەرگرییان نەکردایە، ڕەنگە ئەمڕۆ نە زمانێک مابایە، نە تەمبوورێک و نە ناوێک لە یارسان.
چیرۆکی مەرنۆ یەکێکە لە گرنگترین و شکۆدارترین گێڕانەوەکانی مێژووی یارسان، ئەو ساتە مەزنەی کە تێیدا سوڵتان سەهاک، پیر بنیامین، داود کەوسوار و پیر مووسی لە هەناوی یەک ڕووداودا لە مەرنۆ کۆ دەبنەوە.
لە دڵی ئەشکەوتی مەرنۆدا، لە ساتێکی چارەنووسسازدا، چوار چرای هەڵگیرساوی حەقیقەت لە یەک کۆڕدا کۆ بوونەوە. ئەوان بە سێ شەو و سێ ڕۆژ خۆڕاگری لە بەرامبەر سوپای چیچەکدا تەنیا بەرگرییان نەکرد، بەڵکوو مۆری نەمریی خۆیان لەسەر ناوچەوانی چارەنووسی کۆمەڵگەیەک نەخشاند؛ کۆمەڵگەیەک کە لەسەر شانی باری هەزاران ساڵ شارستانییەت و کۆڵەباری ناسنامە و فەرهەنگی نیشتەجێیانی زاگرۆسی هەڵگرتبوو. ئەو خۆڕاگرییە بوو بە میراتێکی نەمر لە مەعریفەت، لە خۆبەخشین و لە مانەوە لەسەر حەق.
خاونکار تەنیا جەژنێک نییە، خاڵی وەرچەرخانێکی چارەنووسسازە لە مێژووی یارساندا.
دەعوەتی پاشایەتی هەمان ئەو ڕۆژەیە کە چارەنووسی کۆمەڵگەی یارسان، دوای سەدان ساڵ بێدەنگی و شاراوەیی و نهێنی، گۆڕدرا و ڕێگەی حەقیقەت بە دەنگێکی بەرزتر جاڕ درا.
خاونکار هێمای ئەو حەقیقەتەیە کە حەق هەرگیز لە ئەشکەوتدا نامێنێتەوە. ئەو ڕۆژە لە مەرنۆدا، سوڵتان سەهاک و یارانی، حەقیقەتی یارسیانیان لە دڵی تاریکییەوە هێنایە ڕووناکی. دوای سەدان ساڵ بێدەنگی، دەنگی نیزامی پیر و پاشایەتی لە مێژوودا زرنگایەوە.
لە کاتێکدا دەیان بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و ئایینی لە چیاکانی زاگرۆسدا لە بەرامبەر هێزی فیزیکی و فەرهەنگی داگیرکەر و بێگانەدا تووشی شکست و لەناوچوون بوون، پیران و دانایانی یارسان بە پشتبەستن بە میراتە هەزاران ساڵەکەیان جارێکی تر سەریان هەڵدایەوە.
کاتێک سوڵتان و یارانی دوای سێ ڕۆژ خۆڕاگری لە ئەشکەوتی مەرنۆدا بە سەلامەتی ڕزگاریان بوو و ڕوویان کردە هەورامان، دەعوەتی پاشایەتی یان هەمان جەژنی خاونکار بەڕێوەچوو و ئەمەش بووە سەرەتای پەیمانی «بیاوبەس» و ڕاگەیاندنی نیزامی پیر و پاشایەتی لە کۆمەڵگەی یارساندا.
گرتنی سێ ڕۆژ ڕۆژوو و بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەزر و نیاز هەموو ساڵێک لە وەرزی پایزدا لەلایەن کۆمەڵگەی یارسانەوە، بۆ بەرزڕاگرتنی سێ ڕۆژ خۆڕاگریی سوڵتان و یارانی لە ئەشکەوتی مەرنۆدا، وەک نەریتێکی ئایینی جێگەیەکی پیرۆز و بەرزی هەیە. بەڵام هەرگیز نابێ لەبیر بکەین کە گرنگیی ئەم ڕۆژە تەنیا لە ڕۆژووگرتن و نەزر دابەشکردندا کورت نابێتەوە. ئەم ڕۆژە، ڕۆژی ڕزگارییە؛ ڕۆژی توانەوە و کاڵبوونەوە لە فەرهەنگی بێگانەدا نییە، بەڵکوو ڕۆژی قۆناغێکی سەختی خەباتە بۆ زیندوو هێشتنەوەی میراتێکی هەزاران ساڵەی خۆمان لە دڵی چیاکانی زاگرۆسدا.
لە ڕۆژی دەعوەتی پاشایەتیدا، زۆر گرنگە ڕۆحی بەرگری و تێکۆشانی ماندوونەناسانەی یارانی مەرنۆ بکەینە چرای ڕێگامان و بیکەینە هەوێنی گۆڕانکاری و چاکسازیی کۆمەڵایەتی لە ژیانی خۆماندا. ئەم ڕۆژە دەبێ وەک ڕۆژی لەدایکبوونەوە، ڕۆژی ئازادی و ڕۆژی خۆڕاگری وێنا بکەین، نەک تەنیا وەک یادەوەرییەکی مێژوویی و باوەڕێکی سوننەتی و ئایینی.
دەستکەوتەکانی بەرگریی مەرنۆ بۆ گەلی کورد و کۆمەڵگەی یارسان
لە کاتێکدا بەهۆی داگیرکاری و وێرانکارییەکانی خەلافەتی ئیسلامییەوە، زۆربەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ئایینییەکانی زاگرۆس بەرەو نەمان و لەناوچوون دەچوون و ئەو بەڵگەنامە و دەستنووسانەی کە میراتی فیکری و فەرهەنگیی کوردان بوون دەسووتێنران و لەناو دەبران، بزووتنەوەی یارسان وەک چرایەک لە دڵی تاریکی و بێئومێدیدا، دوای ڕووداوە گەورەکەی مەرنۆ سەری هەڵدا و بووە هەوڵێکی بوێرانە بۆ زیندووکردنەوە و پاراستنی ئەو میراتە.
لە گرنگترین دەستکەوتەکانی ئەم قۆناغە دەتوانین ئاماژە بەمانە بکەین:
١. جاڕدانی نیزامی پیر و پاشایەتی: بنیاتنانی بارەگا و جەمخانە وەک کۆڕی ڕاوێژ و ڕێکخستنی کۆمەڵگە، لەسەر بنەمای ئەنجومەنی جۆراوجۆر و کاری بەکۆمەڵ.
٢. زیندووکردنەوەی زمانی کوردی: زمانی کوردیی گۆرانی کە ڕەگی کۆن و پشتیوانی هەموو شێوەزارەکانی زمانی کوردییە، دوای ڕووداوی مەرنۆ و ڕاگەیاندنی ئایینی یاری، بووە زمانی فەرمی و ئایینیی کوردان.
٣. تەمبوور و حەفتا و دوو مەقام: تەمبوور وەک ئامێرێکی پیرۆز، و حەفتا و دوو مەقامە ڕەسەنەکەی، لە گەورەترین و گرنگترین دەستکەوتە فەرهەنگی و هونەرییەکانی دوای ڕووداوی مەرنۆن.
٤. یەکسانی و ئەخلاقی بێهاوتا: یەکسانیی تەواو لەنێوان ژن و پیاودا و، پێناسەیەکی نوێ و بەرز لە ئەخلاق و مرۆڤایەتی، لە بەنرخترین دەستکەوتەکانی یارسانە کە لە مێژووی کورد و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی زاگرۆسدا کەموێنەیە.
بەکورتی، ئەگەر بەرگرییە مەزن و مێژووییەکەی سوڵتان و یارانی لە ئەشکەوتی مەرنۆی شنروێی هەورامان نەبووایە، هەرگیز ئەو هەموو دەستکەوتە گەورەیە بەدی نەدەهات. ئەم بەرگرییە تەنیا مانەوە و بوون نەبوو، بەڵکوو سەرەتای ژیانێکی دووبارە بوو.
ئێمە ئەمڕۆ میراتگرانی ڕاستەوخۆی ئەو سێ ڕۆژەین لە مەرنۆدا. خاونکار بە ئێمە دەڵێت ناسنامە دیارییەک نییە کەس پێمانی ببەخشێت؛ ئەمانەتێکە دەبێ بە خۆڕاگری بیپارێزین.
سەرچاوەکان:
١. یار وریا «هفتاد و دو شرط یاری»، گردآوری، تحقیق و تدوین: سید محمد حسینی و سید حشمت آژنگ.
٢. طاهری، طیب (۲۰۰۹). تاریخ و فلسفه سرانجام فرهنگ یارسان: شرحی بر نحلههای فکری و اعتقادی در کردستان. هەولێر: موکریانی.
٣. عالینژاد، سید خلیل. تنبور از دیرباز تاکنون.