کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

واڵ‌ستریت ژۆرناڵ: تاران لە ئەگەری هێرشی نوێدا، ژێرخانی ناوچەکە دەکاتە ئامانج

10:17 - 1 خەزەڵوەر 2726

ڕۆژنامەی «واڵ‌ستریت ژۆرناڵ» ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی هۆشداریی لە ئەگەری دەستپێکردنی خولێکی نوێی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل داوە کە جگە لە بنکە و کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا، فڕۆکەخانەکان، هێڵەکانی بۆری نەوت و ئامانجە مەدەنییەکانی تری وڵاتانی کەنداویش دەکاتە ئامانج.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، تاران ئەم هەڕەشانەی لە ڕێگەی پەیامە ئاشکراکان و کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە بۆ لایەنە نێوەندگیرەکان گواستووەتەوە. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هێشتا کۆگا و پاشکەوتێکی بەرچاو لە مووشک و درۆنی لەبەر دەستدایە و بەرهەمهێنانی سنوورداری مووشکە بالیستیکەکانی لە دامەزراوە ژێرزەوینییەکاندا دەست پێکردووەتەوە.

هێرشەکانی پێشووی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا، باڵیۆزخانەکان و دامەزراوەکانی وزە و پیشەسازی لە وڵاتانی ناوچەکەدا زیانی لێکەوتووەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بەشێکی گەورە لە ژێرخانی مووشەکی و درۆنیی ئێرانیان کردووەتە ئامانج و توانای سەربازییان بەتەواوی لاواز کردووە.

هاوکات، ڕاگەیاندنەکانی ئەمریکا باسیان لە ئامادەکردنی پلان بۆ هێرشی نوێ بۆ سەر ئێران دوای هەڵبژاردنە نێوەندییەکانی ئەمریکا کردووە. بەردەوامیی ڕاگرتنی دانوستاندنەکان و زیادبوونی جووڵە سەربازییەکان، نیگەرانییەکانی سەبارەت بە سەرهەڵدانەوە و پەرەسەندنی پێکدادانەکان لە ناوچەکەدا زیاتر کردووە و ئەگەری هێرشی دووبارەی ئەمریکا و ئیسرائیل زیاتر لە هەمووکات لە ئارادایە.