دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئەمریکا دەتوانن شوێنی هاویشتنی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بناسنەوە و لە ماوەی سێ خولەکدا هەمان خاڵ بکەنە ئامانج.
ترامپ ئێوارەی پێنجشەممە لە کۆبوونەوەیەکی هەڵبژاردنیدا لە شاری «سو سیتی» لە ویلایەتی ئایۆڤا وتی کە هێزەکانی ئێران دوای هاویشتن، بەخێرایی شوێنەکە بەجێدەهێڵن. هەروەها بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەمریکا ڕێبەرانی پلە یەک و دووی کۆماری ئیسلامی و ژمارەیەک لە ڕێبەرانی پلە سێی کوشتووە.
سەرۆککۆماری ئەمریکا بە ئاماژەدان بە نەبوونی لایەنێک بۆ دانوستان، ڕێگریکردن لە دەستپێڕاگەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە چەکی ناوکیی بە یەکێک لە ئامانجەکانی واشنگتۆن زانی.
ناوبراو هەروەها بەرگریی لە گەمارۆی دەریایی ئێران کرد و ڕایگەیاند کە ئەم هەنگاوە داهاتی نەوتیی کۆماری ئیسلامی ڕاگرتووە. ترامپ لە هەمان کاتدا وتی کە دوای کۆتاییهاتنی پێکدادانەکە، نرخی نەوت و بەنزین بە خێرایی دابەزێت.
ناوبراو پێشتریش کۆماری ئیسلامی تۆمەتبار کردبوو بە هەوڵدان بۆ بەرزکردنەوەی نرخی نەوت پێش هەڵبژاردنە نێوەندییەکانی ئەمریکا و بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە تێپەڕبوونی نەوت لە گەرووی هۆرمۆز زیادی کردووە.