کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێتانیاهوو: بەرگری لە ئازادی و مافەکانی خەڵکی ئێران دەکەم

10:21 - 1 خەزەڵوەر 2726

بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕایگەیاند کە لە بەرانبەر سەرکوت و کوشتاری کۆماری ئیسلامیدا، لە بەرگریکردن لە ئازادی و مافەکانی خەڵکی ئێران بەردەوام دەبێت.

نێتانیاهوو ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی ڕەزبەر لە پەیامێکی فارسیدا لە ئینستاگرام، پێزانینی بۆ پەیامە پشتگیرییەکانی ئێرانییەکان لە سەرانسەری جیهان دەربڕی و وتی کە ئەم پەیامانە بە قووڵی کاریان لەو کردووە.

ناوبراو بە ئاماژەدان بە ئازاری خەڵکی ئێران، جەختی کردەوە کە ئێرانییەکان شایستەی ژیانێکی ئازاد، ئاسایش و شکۆمەندین و دایک و باوک، ژنان و لاوان دەبێت بتوانن بێ ترس ژیان بکەن و بڕیار لەسەر داهاتووی خۆیان بدەن.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە ڕەخنەگرتن لە سەرکوتکارییەکانی کۆماری ئیسلامی نووسیویەتی کە نابێت ئازاری ئەو بنەماڵانەی کە نیگەرانیی ئازیزانی خۆیانن، پشتگوێ بخڕێت.

ناوبراو هەروەها وتی کە لەگەڵ دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، بۆ بەدیهێنانی داهاتوویەکی باشتر هەوڵ دەدات.