کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزارەتی ناوخۆ بوونی دڕۆنی ئۆکراینی لە هەرێمی کوردستان ڕەت کردەوە

10:27 - 1 خەزەڵوەر 2726

وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەنگۆی دوور لە ڕاستیی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە بوونی دڕۆن یان هێز و یەکەی سەربازیی ئۆکراینی لە خاکی هەرێمی کوردستان بەتەواوی ڕەت دەکاتەوە و بە هەواڵێکی "بێبنەما"ی ناودێر دەکات.

لە ڕاگەیەندراوێکدا، وەزارەتەکە جەختی لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی هەرێمی کوردستان کردەوە لە پەیڕەوکردنی سیاسەتی بێلایەنی و خۆبەدوورگرتن لە ململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان و دووپاتی کردەوە کە ڕێگە نادرێت خاکی هەرێم وەک پێگەیەک بۆ جووڵەی دوژمنکارانە دژ بە هیچ وڵاتێک بەکار بێت.

ئەم ڕوونکردنەوەیە دوای ئەوە دێت کە هەواڵدەریی "تەسنیم"ی سەر بە سپای تێرۆریستیی پاسداران، لە درێژەی پیلانگێڕییە بەردەوامەکانی تاران بۆ تێکدانی سەقامگیریی هەرێم، بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە ئۆکراین هەزاران دڕۆنی لە خاکی هەرێمدا جێگیر کردووە.

لە بەرانبەردا، باڵیۆزخانەی ئۆکراین لە عێراق بە توندی ئەم سێناریۆسازییە درۆیینەی وەدرۆ خستەوە و جەختی کردەوە کە هیچ کارمەند یان دڕۆنێکیان لە خاکی عێراق و هەرێمی کوردستاندا نییە، هەروەها داوای لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن کرد نەبنە ئامرازی پڕوپاگەندەی ڕێژیمی تاران.