"هێرانا" لە ڕاپۆرتی مانگانەی خۆیدا بۆ مانگی ڕەزبەری ۱۴۰۵، وێنەیەکی بەربڵاو و نیگەرانکەری لە درێژەی پێشێلکاریی سیستماتیک و دۆخی ئاڵۆزی مافی مرۆڤ لە ئاستی ئێراندا خستە ڕوو.
بڵاوبوونەوەی ئەم ئامارانە ئاماژە بە شەپۆلێکی نوێی گوشارەکانی دامودەزگا ئەمنییەتی و بەناو دادوەرییەکانی ڕێژیمی ئێران دەکەن بۆ سەر چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، مافی ژیان کە سەرەکیترین مافی مرۆڤە بەتوندی پێشێل کراوە؛ تەنیا لەم مانگەدا حوکمی لەسێدارەدانی ٧٩ کەس بەبێ ڕەچاوکردنی دادپەروەریی دادگاییکردن جێبەجێ کراوە و حوکمی سێدارەی ٣٣ کەسی تریش دەرچووە یان پەسەند کراوە.
هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا، سەرکوتکردنی ئازادیی ڕادەربڕین گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و ١٤٥ هاووڵاتی و چالاکوان بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کراون، هەروەها زیاتر لە سێ هەزار مانگ بەندکران و سەدان قامچی بۆ ڕەخنەگران و پارێزەران بڕدراوەتەوە.
لەلایەکی ترەوە، توندوتیژیی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامی و ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم ڕووی لە زیادبوون کردووە، بە شێوەیەک کە بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانەوە، ٧ هاووڵاتی و کاسبکار (لەوانە کۆڵبەران و سووتەمەنیبەران) گیانیان لەدەست داوە.
ئەم سەرکوتکارییە لەنێو بەندیخانەکانیشدا درێژەی هەبووە و بێبەشکردنی بەردەوامی بەندکراوان لە خزمەتگوزاریی تەندروستی و ئەشکەنجەی جەستەیی، بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی گوماناویی دەسبەسەر کراوان.
ڕاپۆرتەکە هۆشداریی جیددیش لەسەر بەرزبوونەوەی ڕێژەی توندوتیژیی خێزانی و نامووسی دژی ژنان و منداڵان دەدات؛ بە شێوەیەک کە ١٥ کەیسی کوشتنی ژنان و کوژرانی ٨ منداڵ لەم مانگەدا تۆمار کراون.
هەروەها جیاکاریی بەربڵاو بەرانبەر بە نەتەوەکانی ژێردەست و کەمینە ئایینییەکان لە ڕێگەی دەسبەسەرکردنی ٢٨ چالاکوانی نەتەوەیی و سەدان مانگ بەندکران بۆ پەیڕەوانی ئایینیی بەهایی درێژەی هەبووە.
لە کۆتاییدا، هێرانا تیشکی خستووەتە سەر پێشێلکردنی مافەکانی کار و خوێندن؛ گیانلەدەستدانی ٦٦ کرێکار بەهۆی نەبوونی ئەمنییەتی کار و لێدانی قامچی لە کرێکارانی ناڕازی، هاوڕێ لەگەڵ دەرکردن و بێبەشکردنی دەیان خوێندکار لە زانکۆکان، کۆمەڵگەی بەرەو قەیرانێکی قوڵتر بردووەتەوە.
ئەم دامەزراوەیە جەخت دەکاتەوە کە ڕاوەستاندنی ئەم شەپۆلە لە پێشێلکاری، پێویستی بە هەڵوێستی کردەیی و گوشاری خێرای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ سەر ڕێژیمی تاران هەیە.