کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مایک واڵتز: دەوڵەتی ترامپ گوشارە ئابوورییەکانی سەر کۆماری ئیسلامی توندتر دەکاتەوە

11:03 - 1 خەزەڵوەر 2726

مایک واڵتز، باڵیۆزی ئەمریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "فاینەنشاڵ تایمز" ڕایگەیاند کە واشنگتۆن دەتوانێت گەمارۆی بەندەرەکانی ئێران بۆ ماوەیەکی درێژخایەن درێژە پێبدات و جەختی کردەوە کە دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ سەرقاڵی توندترکردنەوەی گوشارە ئابوورییەکانە بۆ سەر کۆماری ئیسلامی.

واڵتز لە وڵامی ئەگەری بەردەوامیی ئەم بنبەستەی نێوان تاران و واشنگتۆن تا ساڵی داهاتوو، بەبێ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی یان گەڕانەوەی ڕەوشی کەشتیوانیی گەرووی هۆرمۆز بۆ پێش شەڕ، وتی: "نامەوێت باس لە سێناریۆ ئەگەرییەکان بکەم، بەڵام هیواخوازین بەر لەو کاتە بە شێوازێکی جیددی و واتادار بێنە سەر مێزی گفتوگۆ."

ناوبراو زیادی کرد کە سەرۆککۆمار و هێزی دەریایی ئەمریکا دەتوانن ئەم گەمارۆدانە تا داهاتوویەکی دیاریکراو درێژە پێ بدەن.

باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەوەش کردەوە کە واشنگتۆن تا ئەو کاتەی پیتاندنی ئۆرانیۆم بە ڕێژەی بەرز لە نێوخۆی ئێران لەنێو نەبات و نەگاتە "ڕێککەوتنێکی واتادار" لەسەر ئەو بابەتە، بە ئامانجە ستراتێژییەکانی خۆی لەم ڕووبەڕووبوونەوەیەدا نەگەیشتووە.