بریتانیا مۆڵەتی پارەدانە پێویستەکانی چوار بانکی ئێرانی و کۆمپانیای بیمەی ئێرانی درێژ نەکردەوە کە سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینی ١ی خەزەڵوەر ماوەکەیان بەسەرچووبوو.
بەپێی بەڵگەنامەکانی حکوومەتی بریتانیا، ئەم مۆڵەتە ڕێگەی بە بانکی میللی و کۆمپانیای هاوپەیوەندی، بانکی سادرات، بانکی تجارت، بانکی نێونەتەوەیی پێرشیا و شیرکەتی بیمەی ئێران دابوو کە خەرجییەکانی وەک مووچەی کارمەندان، خزمەتگوزارییەکانی تەکنۆلۆژیی زانیاریی، پەیوەندییەکان و ژمێریاری بدەن.
بەپێی ڕێنمایی نوێی وەزارەتی خەزێنەداریی بریتانیا، داواکاری بۆ چالاکییە سزادراوەکانی ئەو چوار بانکە ناوبراوە و بانکی سێپەهـ، جگە لە بارودۆخی تایبەت و لەناکاو، ڕەت دەکرێنەوە.
حکوومەتی بریتانیا ئامانجی ئەم هەنگاوانەی بەرزکردنەوەی گوشاری ئابووری لەسەر کۆماری ئیسلامی، سنووردارکردنی دەستپێڕاگەیشتنی بە سیستەمی دارایی بریتانیا و سەرچاوە داراییە پەیوەندیدارەکانی بەرنامەی ناوکیی ئێران ڕاگەیاندووە.
ئەوە لەکاتێکدایە کە عەبدولناسر هێمەتی، سەرۆکی گشتیی بانکی ناوەندیی ئێران، لە ٢ی ڕەزبەردا سنووردارکردنە نوێیەکانی بریتانیای دژ بە بانکە ئێرانییەکانی بە کەمکاریگەر وەسف کرد؛ هەڵوێستێک کە لە بارودۆخی توندبوونەوەی گۆشەگیریی دارایی کۆماری ئیسلامی و بەردەوامیی سزا نێودەوڵەتییەکاندا، دەرئەنجامەکانی سیاسەتەکانی حکوومەت لەسەر سیستەمی بانکی و ئابووریی ئێران پشتگوێ دەخات.