کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرانبوونی ٤٠ لەسەدیی نرخی ئێنترنێت و پەیوەندییەکان لە ئێراندا

13:42 - 1 خەزەڵوەر 2726

هەردوو شیرکەتی «هەمراهـ ئەوەڵ» و «ئێرانسێل» بە بڵاوکردنەوەی ئاگادارییەک، باسیان لە بەرزبوونەوەی نرخی ئێنترنێت، پەیوەندیی تلفۆنی و کورتەنامە لە سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینی ١ی خەزەڵوەری ١٤٠٥دا کردووە. بەپێی ڕاگەیاندنی ئەم دوو ئۆپێراتۆرە، نرخی پاکەتی ئێنترنێتی مۆبایل ٤٠ لەسەد و نرخی پەیوەندی و کورتەنامەش تا ئاستی ٤٠ لەسەد زیادی کردووە.

هەروەها شیرکەتی ئێرانسێل نرخی خزمەتگوزارییەکانی ئێنترنێتی جێگیر و فیبری نووریی خۆی تا ئاستی ٤٠ لەسەد بەرز کردووەتەوە.

پێشتر، «حەمید فەتاحی»، سەرۆکی ڕێکخراوی ڕێکخستنی ڕێساکانی پەیوەندی و ڕادیۆیی ڕێژیم لە ٢٦ی ڕەزبەردا ڕایگەیاندبوو کە ئۆپەراتۆرەکان داوای زیادبوونی ١٠٠ لەسەدیی نرخی ئیێنترنێتیان کردووە.

هەروەها «ستار هاشمی»، وەزیری پەیوەندییەکانی ڕێژیم پێشتر لە کۆبوونەوەی کۆنتڕۆڵی پرۆژەی فیبری نووریدا وتبوو کە چاکسازیی نرخە پەیوەندیدارەکان «بە شێوەیەکی جیددی» لە بەرنامەی کاردایە.

بەرپرسانی وەزارەتی پەیوەندییەکانی ڕێژیم پێشتر بەرزبوونەوەی تێچووی پەرەپێدان و پاراستنی تۆڕەکە، هەڵاوسان و گۆڕانکارییەکانی نرخی دراوی بیانی وەک هۆکارەکانی پێویستیی پێداچوونەوە بە نرخەکان ناو بردبوو.

ئەم زیادبوونە ٤٠ لەسەدییەی نرخەکان لەکاتێکدا جێبەجێ کراوە کە زیادبوونی پێشووی نرخی ئێنترنێت، لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوودا ڕووی دابوو.

شایانی باسە گرانبوونی ئێنترنێت لە ئێراندا لەکاتێکدایە کە لە ڕووی چەندایەتییەوە لە خاوترین و لاوازترین هێڵەکانی ئێنتێرنێتی جیهانە و لە ئەگەری هەر شەڕ و تێکهەڵچوون و ناڕەزایەتییەکیشدا لەلایەن ڕێژیمەوە بەتەواوی دادەخرێت.