کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاتلانتیک: ترامپ هێرشی چەند ڕۆژە بۆ سەر ئێران لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا تاوتوێ دەکات

13:47 - 1 خەزەڵوەر 2726

گۆڤاری "ئاتلانتیک" لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، سەرقاڵی تاوتوێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی و هێرشی چەند ڕۆژە بۆ سەر ئێران لە دوای هەڵبژاردنەکانی نێوەڕاستی خولی کۆنگرە لە ۱۲ی خەزەڵوەرە.

بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، دامەزراوە ئەتۆمییەکان، توانای مووشەکی و دڕۆنی و ژێرخانەکانی وزەی ڕێژیمی ئێران لە ئامانجە سەرەکییە ئەگەرییەکانن، بەڵام هێشتا بڕیاری کۆتایی لەلایەن ترامپەوە سەبارەت بە جێبەجێکردنی نەدراوە.

ئەم بژاردە سەربازییە دوای ئەوە هاتە ئاراوە کە بێهیوایی و تووڕەیی واشنگتۆن لە بەردەوامیی ڕەتکردنەوەی دانوستان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە زیادی کردووە.

ترامپ هیواخواز بوو گوشارە ئابوورییەکان ڕێژیمی تاران بەر لە هەڵبژاردنەکان بهێننە سەر مێزی گفتوگۆ، بەڵام ئەم ئامانجە نەپێکرا.

لەنێو کۆشکی سپیدا ڕاوێژەکان دابەش بوون؛ بەشێک لە ڕاوێژکاران پێیان وایە لێدانی زەبرێکی سەربازیی تر دەبێتە هۆی شکاندنی خۆڕاگریی ڕێژیم و وادەکات بێتە ژێر بار، لەکاتێکدا هەندێک لە بەرپرسان هۆشداری لە ئەنجامی پێچەوانە دەدەن.

لەلایەکی ترەوە، ئاماژە مەیدانییەکان بەرەو توندبوونی ڕووبەڕووبوونەوەکان دەچن؛ لەوانە سەردانی پێت هێگسێت (وەزیری شەڕ) بۆ ئیسرائیل و بەڕێوەبردنی گفتوگۆی سەربازی لەگەڵ بێنیامین نێتانیاهوو، هەروەها بڕیاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ دەرکردنی کارمەندە ناپێویستەکان لە عەرەبستان بەهۆی گەشەی هێرشی حوسییەکانی سەر بە تاران.

هەروەها ترامپ لە لێدوانێکدا بەرانبەر کۆشکی سپی هێشتنەوەی بژاردەی سەربازیی پشتڕاست کردەوە و وتی: "ئێمە بەتوندی لەوانمان داوە، و ڕەنگە کەمێکی تریش بەردەوام بین."